پەکەکە دەیان کەس لە گوندێکی حەسەکە دەڕفێنێت

 پەکەکە دەیان کەس لە گوندێکی حەسەکە دەڕفێنێت
چەکدارانی پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە)ی باڵای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوای کوردستان دەیان گەنج و پیری گوندێکی شاری حەسەکە دەڕفێنن.



بەرپرسێکی ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لە گوندەوارەکانی حەسەکە بە (باسنیوز)ی راگەیاند، رۆژی هەینی 16.6.2017، چەکدارانی پەیەدە بە دەیان ئۆتۆمبێلەوە هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندی گرکێ دجویر لە گوندەوارەکانی حەسەکە.



بە گوتەی ئەو بەرپرسە، کە بەهۆی ترسی دەستگیرکردنی لەلایەن چەکدارانی پەیەدەوە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، ئەو چەکدارانە دەیان گەنج و پیری گوندەکەیان رفاندووە و هەوڵدەدات بەزۆرەملێ بیانکاتە چەکداری حزبەکە.



چەکدارەکانی پەیدە هەڕەشەی ئەوەیان لە ژن و منداڵەکانی گوندەکەش کردووە، کە جارێکی دیکە ئەوان دەگەڕێنەوە گوندەکە و ئەگەر گەنجە هەڵاتووەکان خۆیان بەدەستەوە نەدەن، ئەوا ژن و پیرەکان هەموویان دەستگیر دەکرێبن.



دوای دروستبوونی شەڕی ناوخۆیی لە مانگی ئاداری 2011 لە سووریا و کشانەوەی رژێمی لە رۆژئاوای کوردستان، پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە)ی باڵی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەستی بەسەر ئەو بەشەی کوردستاندا گرت و تێیدا رێگا بە هیچ حزب و لایەنێکی سیاسیی دەرەوەی بیری ئاپۆچی نادا حزبایەتی بکات و بەشێوەیەکی توند هەڵسوکەوت لەگەڵ هاووڵاتییان دەکات.




باسنیوز
Top