کۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرکردایەتیی یەکێتی دواخرا
ماڵپەڕی فەرمیی یەکێتی بڵاوی کردەوە، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی کە بڕیاربوو ئەمڕۆ شەممە 17/6/2017 کۆببێتەوە، بەهۆی مەراسیمی هێنانەوەی تەرمی هاوسەری سەرکردەی پێشووتر(عومەر دەبابە) و بەخاکسپاردنی لە شاری کۆیە، دواخراوە و سبەی یەکشەممە کۆبوونەوەکە ئەنجام دەدرێت.
پێشتر ئەوە بڵاوکرایەوە کە لە کۆبوونەوەکەی سەرکردایەتیی یەکێتیدا، گفتوگۆ لەبارەی وەڵامی بزووتنەوەی گۆڕان سەبارەت بە دەستپێشخەرییەکەی پارتی و یەکێتی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان دەکرێت، جگە لە باسکردنی چەند پرسێکی دیکەی گرنگ، لە نێویاندا پرسی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان.
ڕۆژی 13/6/2017 هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی کۆبوونەوە و دەستپێشخەرییەکی تازەیان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاند. دواتر سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئەوەی ڕاگەیاند کە پەرلەمان کارا دەکرێتەوە و یوسف محەمەد بۆ یەکەم دانیشتن سەرۆکی پەرلەمان دەبێت و دواتر لە پۆستەکەی لادەدرێت و کەسێکی دیکە لە فراکسیۆنی گۆڕان بۆ لەو پۆستەدا دادەنرێت. دوای ئەوەش خەڵکی هیوای ئەوەیان بۆ دروست بوو کە بە کاراکردنەوەی پەرلەمان، دۆخی ئابووریی هاووڵاتییان باشتر بێت و پەرلەمان ئەرکی دەرکردنی یاسا و چاودێریکردنی جێبەجێکردن لە ئەستۆ دەگرێت و دۆخەکە بەرەو باشتر دەچێت، بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان پێشنیازەکەیان ڕەت کردەوە.
باسنیوز
