عەلیاوەیی: بەغدا ریفراندۆمی هەرێمی رەتنەکردووەتەوە..بەبێ کێشە ریفراندۆم دەکرێ
راوێژکاری سەرۆککۆماری عێراق (د.عەبدوڵڵا عەلیاوەیی) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی گوت، "ریفراندۆم مافی ھەموو گەلانی جیھانە ئەوانەی کە تا ئێستا سەربەخۆیی خۆیان وەرنەگرتووە و مافی کوردە، لەبەر ئەوەی تائێستا خاوەن دەوڵەتی خۆی نییە و بەردەوام چەوساوەتەوە، بۆیە ئێستا مافی خۆیەتی ریفراندۆم بکات."
ڕوونیشی کردەوە، ئەوەی جێگەی دڵخۆشیە تا ئێستا ھیچ وڵاتێکی زلھێز پرۆسەی ریفراندۆمی ھەرێمی کوردستان رەت نەکردووەتەوە و ئەو لێدوانانەی درابێتن لەبەر بەرژوەندی نێودەوڵەتی دراون، بەڵام ھیچ وڵاتێک بە فەرمیی ئەو ریفراندۆمەی رەتنەکردووەتەوە.
راوێژکاری سەرۆککۆماری عێراق راشیگەیاند، بەغدا ریفراندۆمی رەتنەکردووەتەوە تەنیا دەڵێن کاتەکەی گونجاونییە، راستە هەندێ رای دی هەن لە بەغدا رەتیدەکەنەوە بەڵام ئێمە حسێب بۆ رای فەرمیی دەکەین کە حکوومەتە رەتینەکردووەتەوە. دەشڵێ، لەو باوەڕەدام پرۆسەکە بەبێ کێشە دەڕواتەڕێ و ریفراندۆم لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێ.
kdp-
