کوردستانیان؛ گونجاوترین و باشترین کاتە بۆ ریفراندۆم
پێوەست بە بڕیاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە بە مەرسومێکی هەرێمی رۆژی ٢٥ی مانگی ٩ی بۆ ریفراندۆم دیاری کرد، (دڵدار موحسین) مامۆستا لە شارۆچکەی ئامێدی دەڵێ، ئێستا باشترین کاتە بۆ ریفراندۆم و سوپاسی سەرۆک دەکەین کە بڕیاری دا. دەشڵێ، ئێمە زۆر لەژێر حوکمی بەغدا چەوساینەوە ئیدی ساتەوەختی ئێمەیە کە چارەنووسی خۆمان دیاری بکەین.
فەرمانبەران بە ئومێدێکی گەشەوە دەڕواننە ئەو رۆژە بۆ ئەوەی چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن کە سەربەخۆییە، هەروەک (خدر شەفیق) فەرمانبەر لە شێلادزێ بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، ئەرکە لەسەرشانمان کە بە بەڵێ بچینە ریفراندۆمەوە، چونکە بە ریفراندۆم دەتوانین هیچ نەبێ سوپاسی کەسوکاری شەهیدانمان بکەین.
پێشمەرگە لە دیاریکردنی سنووری هەرێمی کوردستان و تێکشکاندنی داعشدا سەرکەوتنی گەورەی تۆمار کرد و لە جیهاندا پێشمەرگە ناسراوترین هیزێکی سەرزەوییە کە توانیبێتی تیرۆر بشکێنێ. بۆیە (فكری حوسێن) پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان لە سنووری شارۆچكەی مێرگەسۆر بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دەڵێ، داوا و تکای پێشمەرگە ئەوەیە کە هێز و لایەنە سیاسییەکان بە یەکدەنگی و یەکگرتووە بچنە ریفراندۆمەوە. لە کۆتاییدا (لەیلا شەمسەددین) لە سۆران دەڵێ وەک ئافرەتان بە پەرۆشەوە پێشوازی لە ریفراندۆم دەکەین.
kdp-
