ئاراس فاتیح: ھەموومان ڕەخنە و گلەییمان ھەیە بەڵام سەربەخۆیی کوردستان لە ھەموو شت گرنگترە
ھونەرمەند ئاراس فاتیح کە ئێستا لە دەرەوەی وڵات دەژی، لە لێدوانێکی تایبەتدا رایگەیاند: ”زۆر خۆشحاڵ بووم کە ھەواڵی دیاریکردنی رۆژی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستانم بیست، سەربەخۆیی کوردستان، خەونی لەمێژینەی نەک تەنیا ئێمە، بەڵکوو باوباپیرانمانە، ئەگەر بێتە دی، تەنیا ئەودەم ئیتر ئەو ھەستەمان لا دروست دەبێ کە خوێنی پاکی شەھیدانمان بەفیڕۆ نەچووە و رەنجی پێشمەرگە و قارەمانانی رێگەی رزگاریی کوردستان، بەر دەگرێت“.
ئاراس گوتیشی: ”ھەموو ئەو کەسانەی بەدرێژایی مێژوو لە شۆڕشەکانی کوردستان لە ھەر چوار پارچە چەکیان کردووەتە شان، ئەوانەی زیندانی کراون و ئەشکەندە دراون، ئەوانەی جینۆساید کراون، لەپێناو سەربەخۆیی کوردستاندا بووە، بۆیە نابێ بەرامبەر ئەو مرۆڤە مەزنانە و کەسوکاریان، بێ ئەمەک و بێ بەڵێن بین“.
سەبارەت بەو دەنگە ناڕازی و تووڕانەش کە باس لە قەیران و کێشەکان دەکەن، یان دەڵێن ئێستا کاتی سەربەخۆیی نییە، ئاراس فاتیح روونی کردەوە: ”من وەک لە کۆتایی ڤیدیۆ کلیپی (کوردستانی من)دا گوتم، ھەمیشە دەڵێم (بۆ دەوڵەتی کوردی، دوێنێمان لەدەست چوو، سبەی درەنگە، بۆیە ئەمڕۆ کاتیەتی) منیش وەک ھونەرمەندێک ھەست بە نیگەرانی و تووڕەیی و ئازاری خەڵک دەکەم، ھەموومان گلەییمان لە شێوازی بەڕێوەبەردنی ھەرێمی کوردستان ھەیە، ھەموومان دنیایەک رەخنەمان ھەیە، ھەموومان بەتایبەتی چینی ھەژاران، گیرۆدەی دەستی قەیرانی دارایی و گەندەڵیین، بەڵام تا ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان سەرکەوتوو دەبێ، با ئەم چەند مانگەش گلەییەکانمان ھەڵگرین و با رژانە سەر شەقاممان تەنیا و تەنیا بۆ پشتیوانی لە سەربەخۆیی کوردستان بێ، کوردستان موڵکی ھیچ حزب و حکوومەت و سەرکردەیەک نییە، کوردستان موڵکی خەڵکی کوردستان“.
ئەو ھونەرمەندە گوتیشی: ”ھەموو کوردستان دەزانن، من لەگەڵ رێزی زۆرم بۆ ھەموو حزبەکانی کوردستان، لایەنگری ھیچ حزبێک نیم و نەبووم، گۆرانیم بۆ ھیچ حزبێک نەگوتووە و ھونەری خۆشم لەپێناو ھیچ حزبێکدا نماییش نەکردووە، چونکە ھەمیشە ئەو راستییەم لەبەرچاو بووە کە حزب دێ و دەڕوات، سەرکردە دێ و دەڕوات، حکوومەت دێ و دەڕوات و حکوومەتێکی نوێ دێت، بەڵام کوردستان ھەر دەمێنێ، بۆیە دەبێ ئێمە لەپێناو مانی کوردستاندا خەبات بکەین و لەپێناو ئەوەی چیتر کورد نەتەوەی بێ دەوڵەت نەبێ و چیتر کورد وەک قەرەجی بێ نیشتمان نەژی، دەبێ پشتیوانی لە ریفراندۆم بکەین و دەنگ بە سەربەخۆیی کوردستان بدەین“.
ئاراس فاتیح رای گەیاند: ”خۆشحاڵم کە ریفراندۆم ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، ئاسوودەم کە دەبینم زۆرینەی سیاسەتمەداران و حزبەکانی تری پارچەکانی کوردستانی گەورە، پشتیوانی لە ریفراندۆمی خەڵکی کوردستانی باشوور دەکەن، بێگومان بەش بەحاڵی خۆم، بە گرنگی دەزانم ھەموو حزبەکانی کوردستانی باشووریش بە یەک دەنگ و بە یەک ریز بەشدار بن و پشتیوان بن بۆ سەرخستنی ریفراندۆم و دەبێ ھەوڵ بدرێ ھەموو ناکۆکییە سیاسییەکان، لەپێناو سەربەخۆیی کوردستاندا وەلا بنرێن، سەربەخۆیی کوردستان لە حکوومەت و پەرلەمان و سەرکردەکان و حزبەکان و گلەییەکانیشمان گەورەتر و پیرۆزترە، نابێ ھیچ بیانووێک ھەبێ بۆ دژایەتیکردنی ریفراندۆم، با کوردستان سەربەخۆ بێت، ئیدی ئەوکات لە ھەر شتێک ناڕازی بووین، ھەموو پێکەوە دەنگ ھەڵدەبڕین و ھەموو توانامان دەخەینە گەڕ بۆ ئەوەی خوار و خوێچی و کەموکوڕییەکانی کوردستان چاک بکەین“.
ئاراس گوتیشی: ”نابێ لەئاست سەربەخۆیی کوردستاندا ساویلکانە و بە عەقڵی تەسک بیر بکەینەوە، پشتیوانی کردن لە پرسی سەربەخۆیی، نە رێکلامە بۆ ھیچ حزبێک و نە پروپاگەندەیە بۆ ھیچ سەرکردە و سەرۆکێک، بەڵکوو پشتیوانیکردنە لە کەرامەت و بوونی ئینسانی کورد و کوردستانی“.
لە کۆتایی ئاخاوتنەکەشیدا بە پێکەنیەوە گوتی: ”زۆر خووشحاڵ تریش بوو کە رۆژی ٢٥|٩یان دەستنیشان کرد بۆ ریفراندۆم، من خۆم لە ٢٦|٩ لەدایک بوو و لە ھەمان رێکەوتیشدا ھاوسەرگیریم کرد، بۆیە زۆر خۆش دەبێ کە لە رۆژی ٢٥|٩ی ئەمساڵدا ریفراندۆم سەرکەوتووانە ئەنجام بدرێ و رۆژی ٢٦|٩ ئەنجامی ریفراندۆمەکە و لەدایکبوونی دەوڵەتی کوردستان رابگەیەنرێ کە ھاوڕێکەوت دەبێ لەگەڵ جەژنی لەدایکبوون و جەژنی ھاوسەرگیریمدا“.
باسنیوز
