سەرۆک بارزانی: بەغدا هاوبەشیی ڕاستەقینەی لەگەڵ کورد پێ قەبوڵ ناکرێ

 سەرۆک بارزانی: بەغدا هاوبەشیی ڕاستەقینەی لەگەڵ کورد پێ قەبوڵ ناکرێ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوەی ڕاگەیاند کە تاکە ڕێگەچارە بۆ سەربەخۆیی کوردستان، ڕێگەچارەی ئاشتییانە دەبێت لەگەڵ دەوڵەتی عێراق و ئەوەی نەشاردەوە کە بەغدا هاوبەشیی ڕاستەقینە و مانابەخشی لەگەڵ کورد پێ قەبوڵ ناکرێت.

مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لە نوێترین چاوپێکەوتنیدا کە لەگەڵ ماڵپەڕی (Foreign Policy)ی ئەمریکیدا ئەنجامی داوە، سەبارەت بە ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان کە بڕیارە لە 25ی ئەیلوولی 2017دا ئەنجام بدرێت، ڕای گەیاندووە کە جیابوونەوەیەکی ئاشتییانە لە عێراق تاکە ڕێگەچارەیە بۆ کێشەکانی ئەو وڵاتە و سەقامگیریی ناوچەکە بە گشتی.

بارزانی جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە ماوەیەکی درێژە ئەو گەیشتووەتە ئەو بڕوایە کە بەغدا ھاوبەشیی ڕاستەقینە و مانابەخشی لەگەڵ کوردەکان پێ قبوڵ ناکرێت و ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی تاکە ڕێگەچارەیە گەلی کورد دەرفەتی پێ بدرێت خۆی بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات.

لە وەڵامی پرسیارێکدا کە وڵاتانی دراوسێ دەکرێ کوردستانی سەربەخۆ بخەنە تەنگەژەوە و ئابڵۆقەیان لەسەر دابنێن، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ڕای گەیاندووە کە ”مردن لە برسا باشترە لە مردن لە ژێر زوڵم و زۆرداری“ و گوتوویەتی: ”ئەوکات دونیا با شانازی بەوەوە بکات کە گەلی ئێمەیان لە برسا کوشت، چونکە بە ڕێگەیەکی دیموکراسییانە خوازیاری دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان بوون”.














باسنيوز

Top