سەرکردەیەکی پارتی: گۆڕان گفتوگۆ لەگەڵ ئەوانە ناکات کە ھاوڕای نین

سەرکردەیەکی پارتی: گۆڕان گفتوگۆ لەگەڵ ئەوانە ناکات کە ھاوڕای نین
ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتیی کوردستان، رای دەگەیەنێت، ھەر لەسەرەتاوە بۆ پارتی ڕوون بوو، کە گۆڕان لەگەڵ کاراکردنەوەی پەرەلەمان و چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوخۆی ھەرێمی کوردستاندا نییە.



عەلی تەتەر، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتیی کوردستان ڕاگەیاند: "رەنگە بۆ ئێمەی پارتی ھەر لەسەرەتاوە ڕوون بووبێت، کە بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ چارەسەر کردنی کێشە ناوخۆییەکانی ھەرێمی کوردستان و پەرلەماندا نییە، نایەوێت بەسەر ئەو دۆخەدا زاڵ بین، بەڵام باش بوو بەم بەیاننامەیە و ئەو بڕیارە پێشوەختەی کە دایان، بۆ خەڵکی ھەرێمی کوردستانیان سەلماند کە ئەوان بە کردارەکی بیر لە چارەسەرکردنی کێشەکان بە ڕێگای دیالۆگ و ئاشتییانە ناکەنەوە".



ئەو سەرکردەیەی پارتی، ئەوەشی خستەڕوو: "لەسەر زاری بەرپرسانی ئەوانەوە ھاتووە، کە کێشەی ھەرێمی کوردستان، ژێر دەستەی سەربەخۆی وڵاتێکی داگیر کراو نییە، ئەوان ھەموو کێشەکان لە یەک شت دا دەبینن کە ڕق و کینەیەکیان لەگەڵ سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان ھەیە، دەیانەوێت ھەموو شتەکان بەشێوەیەکی وا چارەسەر بکەن، کە پارتی لە دەسەڵاتدا نەھێڵن".



جەختیش لەوە دەکاتەوە: "بیرکردنەوە بزووتنەوەی گۆڕان بە جۆرێکە، کە ئەگەر ھاوڕای نەبن، ناکرێت و نابێت ئەوان بکەونە گفتوگۆ لەگەڵیدا، ھەر بۆیە پێویستە پارتی و یەکێتی و لایەنەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان، کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکەن و پەرلەمان کارا بکەنەوە، چونکە بە بێ گۆڕانیش دەکرێت پەرلەمان کارا بکرێتەوە و پۆستە حکوومیەکانیش پڕ بکرێتەوە، ئەگەر برایانی یەکێتی و لایەنەکانی دیکە بێنە پێشەوە".
bas news-
Top