مەسرور بارزانی و باڵیۆزی بەریتانیا پرسی ریفراندۆمیان تاوتوێ کرد

مەسرور بارزانی و باڵیۆزی بەریتانیا پرسی ریفراندۆمیان تاوتوێ کرد
ئەمڕۆ پێنج شەممە، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ بالیۆزی بەریتانیا لە عێراق و کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا لە ھەرێمی کوردستان کۆبوویەوە.



ئەمڕۆ پێنجشەممە 15/6/2017 مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ فرانک بەیکر بالیۆزی بەریتانیا لە عێراق و کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا لە ھەرێمی کوردستان کۆبووەوە، لە دیدارەکەدا دوا پێشھاتەکانی دەڤەرەکە و پێشڤەچوونەکانی شەری دژ بە داعش تاوتوێ کران و ھەردوولا کۆک بوون لە سەر ھەماھەنگیی زیاتر لە پێناو بەردەوامیی جەنگی دژ بە تیرۆر و چارەسەریی گشت ئەو کێشە لەمێژینانەی کە لە دەڤەرەکەدا زەمینەخۆشکەر بوونە بۆ سەرھەڵدانی ھزری توندڕۆیی.
ھەروەھا لەو کۆبوونەوەدا جەخت لە سەر ئەوە کرایەوە کە ھیچ ڕووداو و پێشھاتێک کاریگەریی لە سەر ھاوپەیمانیی و ھاوکاریی ھەردوولا لە شەری دژ بە تیرۆردا نابێت.



ھەر لەم دیدارەدا پرسی ریفراندۆمی ھەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا و باس لەوە کرا کە گەلانی ناوچەکە دەبێت بە یەکتر قبوڵکردن و بە شێوەیەکی ئاشتییانە کێشەکانیان چارەسەر بکەن، تاکو گشت پێکھاتەکانی ناوچەکە بە ماف و داخوازیەکانیان شاد ببن.
bas news-
Top