ناوچە كوردستاییەكان، كاتیەتی‌ بڵێین بەڵێ بۆ سەربەخۆیی كوردستان

ناوچە كوردستاییەكان، كاتیەتی‌ بڵێین بەڵێ بۆ سەربەخۆیی كوردستان
هاووڵاتیانی ناوچە كوردستاییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەڵێن، ئومێدێكی گەورەیان بە ریفراندۆمە بۆ ئەوەی ناوچەكانیان بگەڕێنەوە سەر هەرێمی كوردستان و هەرێم ببێتە دەوڵەت، لە ئێستایشەوە دەڵێن، "بەڵێ بۆ ریفراندۆم".

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاییەكانی هەرێمی كوردستاندا، رۆژی ٢٥-٩ـی وەك رۆژی سازدانی ریفراندۆم دیاری كرد، هاووڵاتیانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستانیش دەڵێن، بە بەڵێ دەنگ بۆ ریفراندۆم دەدەن و پێشوازی لەو بڕیارەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەن.

(سیروان حوسێن مەخمووری)ـی هاووڵاتی كە لە شاروچكەی مەخموور نیشتەجێیە، بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتیی‌ دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، "بڕیاری سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بە بەشداریی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، باشترین هەنگاو بوو بۆ گەڕانەوەمان بۆ سەر هەرێم و، بووەتە مایەی دڵخۆشیی تەواوی خەڵكی سنوورەكە".

(سەیدۆ چەتۆ)، كەسایەتیی كوردی ئێزدی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "وەكو كەسێكی شنگالی باوەڕم وایە ڕیفراندۆم دەرفەتێكی زێرینە و نابێت لە دەستی بدەین، بە تایبەت بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، دەبێت لەگەڵ ئەو ڕیفراندۆمە بن، چونكە هەموو بنەماكانی دەوڵەتبوونمان تێدایە و كاتیەتی‌ و پێویستە بڕیار لە‌ چارەنووسی خۆمان بدەین و بڵێین بەلێ بۆ سەربەخۆیی كوردستان".

(شڤان چاوشین)ـیش لە شارەدێی وانكێ، لەو بارەیەوە گوتی، "بەشداریكردنمان وەكو ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە ڕیفراندۆمدا، پرسێكی مێژووییە و بۆ ئێمە جێگای خۆشحاڵییە، چونكە دەمانەوێ بگەڕێینەوە سەر هەرێم".

(یەڵدا شەموئیل)ـی دانیشتووی شارۆچكەی تلكێف، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، "بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم مایەی دڵخۆشیی ئێمەیە، لەوەیش خۆشتر بەشداریكردنی ئێمەیە لەو پرسە چارەنووسسازەدا و، بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی ئەو رۆژە دەكەین لەسەر سندووقەكانی دەنگدان بە "بەڵێ" بۆ گەڕانەوەمان بۆ سەر هەرێم و سەربەخۆیی كوردستان، دەنگ بدەین ."

(ناسیح خدر) دانیشتووی شارۆچكەی زوممار، دەڵێت، "لە كاتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمدا، رێژەیەكی یەكجار زۆر خەڵكی بە (‌بەڵێ) دەنگ دەدەن، چونكە پەرۆشیی ئێمە بۆ گەیشتن بەو رۆژە نایەتە گوزراشتكردن، تا هەموو لایەك بە چاوی خۆمان ئەو رۆژە ببینین كە چەندە تینووی گەڕانەوەی باوەشی كوردستانین."

(عەلی عومەر) دانیشتووی شارۆچكەی شنگال، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "خەونی سەدان ساڵەمانە سەربەخۆیی كوردستان ببینین، تا لە زوڵم و ستەم رزگار بین، ئایندەیشمان روونە و ئەم‌ ئاواتەیشمان لە رۆژی ریفراندۆمدا بە دەنگدان بە (بەڵێ) دێتە دی .
kdp-
Top