شارەزایەكی ئابووری: سەربەخۆیی ئابووریی هەرێم، وای كرد بەرەو ریفراندۆم هەنگاو بنێت

شارەزایەكی ئابووری: سەربەخۆیی ئابووریی هەرێم، وای كرد بەرەو ریفراندۆم هەنگاو بنێت
شارەزایەكی ئابووری دەڵێت، ھەنگاونانی ھەرێمی كوردسان بەرەو سەربەخۆیی ئابووری، وای كرد كوردستان بەرەو ریفراندۆم بچێت، چونكە ئەگەر كورد لە ژێر دەستی بەغدا بووایە، چەندین مەرجی بۆ دادەنا و هەرێمیش ناچار دەبوو لە پێناو گوزەرانی خەڵكدا قبووڵیان بكات، كە بێگومان ئەو كاتیش زۆر دەستكەوتی سیاسیی لە دەست دەدا.

(د. عەبدولڕەحمان زرار)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "دۆخی ئابووریی ھەرێمی كوردستان لە ئێستادا بەراورد بە ساڵانی رابردوو زۆر باشتر بووە و، ئێستایش بۆ ئەوەی دۆخەكە باشتر بێت، ھەرێم دەتوانێ بڕێكی زیاتری پارە بخاتە بازاڕەوە تا زیاتر بووژانەوە دروست ببێت، چونكە بەم كارە جووڵەی بازاڕ زیاتر دەبێت و بێكارییش كەمتر دەبێت".

(زرار) گوتیشی، "لە ئێستادا داھاتی ھەرێمی كوردستان زۆر زیادی كردووە لە ھەموو سێكتەر و وەزارەتەكان، كە ئەمەیش ھەنگاوێكی زۆر باشە و دۆخی ئابووریی ھەرێم بەرەو باشتر دەچێت".

ئەو شارەزایەی ئابووری ده‌شڵێ، "ھەنگاونانی ھەرێمی كوردستان بەرەو سەربەخۆیی ئابووری، زۆر گرینگە، چونكە ئەگەر ھەرێمی كوردستان ئەو كارەی نەكردبووایە و پشتی بە بەغدا ببەستایە، ئێستا بەغدا چەندین مەرجی بۆ ئێمە دادەنا بۆ ئەوەی بوودجەمان پێ بدات، بەڵام ھەرێمی كوردستان نەوتی خۆی بە شێوەی سەربەخۆ فرۆشت، ئەمەیش وای كرد ئێمە پێویستمان بە بەغدا نەمێنێت".

(د. عەبدولڕەحمان) باسی لەوەیش كرد كە، "ھەرێمی كوردستان بوودجەی لەلایەن بەغداوە بڕدرا و شەڕی داعش و دابەزینی نرخی نەوت، وای كرد ھەرێم تووشی قەیرانێكی سەختی دارایی بێت، بەڵام ھەرێمی كوردستان لەجیاتی ئەوەی خۆی رادەستی بەغدا بكات، نەوتی خۆی سەربەخۆ فرۆشت، ئەگەر ئەمەی نەكردبووایە ھەرێم زۆر مافی خۆی لە دەست دەدا لە پێناو بژێویی ژیانی ھاووڵاتیاندا، راستە مووچە كەم كرایەوە و دۆخی خەڵك خراپ بوو ئەو كات، بەڵام دواجار توانرا ئەو قۆناغە تێپەڕێنین".

ئەوەیشی خستە ڕوو، "ھەنگاونان بەرەو سەرەبەخۆیی ئابووری، ئێمەی لە زۆر بەڵا رزگار كرد، لەوانە، ئەگەر بەو شێوەیە نەبووایە ئێستا ئێمە نەماندەتوانی ریفراندۆم ئەنجام بدەین و بەغدا رێگری دەكرد، بەڵام ئێمە ئێستا سەربەخۆین و پێویستمان بە بەغدا نەماوە".

گوتیشی، "پرسی ئابووری، دوور نییە لە ئامانجی سیاسی، چونكە حكوومەتی عێراق ھەر كارێكی لەگەڵ ئێمەدا كردبێت، بە ئامانجی سیاسی كردوویەتی و دەوروبەریش بە ھەمان شێوە، بۆیە گەر ئێمە ئەو كارەمان نەكردبووایە، زۆر دەستكەوتی سیاسیمان لە دەست دەدا، لەوانە ئەنجامدانی ریفراندۆم، بۆیە سەربەخۆیی ئابووری كارتێكی بەھێز بووە لە دەست ھەرێمی كوردستان و، ئومێدەوارم دۆخی ئابووریی ھەرێمی كوردستان باشتریش بێت".
kdp-
Top