بەرپرسێکی یەکێتی: حەق نەبوو گۆڕان پێشنیاری کاراکردنەوەی پەرلەمان رەت بکاتەوە

 بەرپرسێکی یەکێتی: حەق نەبوو گۆڕان پێشنیاری کاراکردنەوەی پەرلەمان رەت بکاتەوە
بەرپرسی مەڵبەندی 11ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە گەرمیان ڕای دەگەینێت، کە پێویستە گۆڕان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان لەگەڵ لایەنەکان کۆببێتەوە.

حەمە چاوجوان، بەرپرسی مەڵبەندی 11ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند: "ئەو ھەوڵانەی یەکێتی و پارتی لە کۆبوونەوەکانی ئەم دوایانەیان بۆ کارا کردنەوەی پەرلەمانی کوردستان جێگای دەست خۆشییە، ھەرچەندە بزووتنەوەی گۆڕان تێبینی لەسەر ھەبوو، بەڵام حەق نییە ئەو پێشنیارانە بەتەواوی ڕەت بکاتەوە، چونکە پەرلەمانی کوردستان دەزگایەکی شەرعییە و پێویستە لێبوردەییمان ھەبێت و بە ھەموومانەوە ھەوڵ بۆ کارا کردنەوەی بدەین".

ئەو بەرپرسەی یەکێتی، ئەوەشی خستەڕوو: "ئەگەر پەرلەمانی کوردستان بەم حاڵەی ئێستا بێت کە ھەیە، ئەوا سوودی بۆ ھیچ کەسێک نابێت، بەڵکو ھەموومان پێکەوە زەرەرمەند دەبین، ھەرچەندە بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت بەم شێوەیە بگەڕێینەوە بۆ پەرلەمان قبوڵمان نییە، بەڵام من لە بری ئەوان قسە بکەم، باشتر وایە گۆڕان لەگەڵ یەکێتی و پارتی و لایەنەکانی دیکە دابنیشن، تا زووتر گرفتەکان چارەسەر بکەن باشترە، لەوەی جارێکی دیکە دۆخەکە ئاڵۆز ببێتەوە و پەرلەمانیش بەو شێوەیە بمێنێنەوە".

رۆژی 13/6/2017 پارتی و یەکێتی کۆبوونەوە، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لەمبارەیەوە رای گەیاند کە یەک دانیشتن یوسف محەمەد، سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکات، بەڵام دواتر یەکێکی دیکە لە فراکسیۆنی گۆڕان سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکات، بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان ئەم داوایەی ڕەت کردەوە.














باسنیوز
Top