د. بەشیر حەداد: پێویستە مامۆستایانی ئایینی شەرعییەتی ڕیفراندۆم بۆ خەڵک ڕوون بکەنەوە
د. بەشیر حەداد، مامۆستای ئایینی، ڕایگەیاند: "ئایینی ئیسلام مافی ئازادی و سەربەخۆی بۆ ھەموو تاکێک دابین کردووە، ھەموو ئایینە ئاسمانییەکانی دیکەش بۆ ئازاد کردن مرۆڤەکان ھاتوون، ڕیفراندۆمیش ڕێگایەکە بۆ گەیشتن بە ڕزگاری و سەربەخۆیی، ھەر بۆیە پێویستە مامۆستایانی ئایینی ڕۆڵی خۆیان بگێڕن و وەزارەتی ئەوقاف و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی چەند خول و بەرچاو ڕوونییەک بۆ مامۆستایانی ئایینی بکەنەوە، تا مامۆستایانی ئایینی باشتر لە گرنگی پرسەکە تێبگەن، ئەوانیش لایەنە شەرعییەکەی بۆ خەڵک ڕوون بکەنەوە".
ئەو مامۆستا ئایینییە، بە ئومێدە کە ئاشتەوایی سیاسی و کۆمەڵایەتی، پێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بەسەر ھەرێمی کوردستاندا باڵ بکێشێت، ھەموو لایەنە سیاسییەکانیش ھەست بە بەرپرسیارێتی گەورەی خۆیان بکەن، پێویستە پارتی و یەکێتی کە دوو پارتە سەرەکییەکەن شان بدەنە بەر ئەو بەرپرسیارییەتییە گەورەیە، لایەنەکانی دیکەش ھاوکارییان بن و یەکڕیز بن، جەختیش لەوە دەکاتەوە کە ھاووڵاتیان کەس دژی سەربەخۆیی نین.
د. بەشیر حەداد، گوتیشی: "داوا لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەم، ھەوڵی جدی بۆ باشتر کردنی دۆخی ھاووڵاتییان بدات، بڕیاریک بدرێت بۆ ئەوەی پاشەکەوتی مووچە لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان بێت، بۆ ئەوەی خەڵک بە گڕوتینەوە بەرەو سندوقی دەنگداندا بڕۆن".
باسنیوز
