بارزانی سوپاسنامەیەک ئاراستەی بریکاری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە دەکات

 بارزانی سوپاسنامەیەک ئاراستەی بریکاری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە دەکات
سەرۆکی هەرێمی کوردستان نامەیەکی سوپاسگوزاری ئاراستەی ئەنوەری حاجی عوسمان، بریکاری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە دەکات.

ئەنوەری حاجی عوسمان، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، دەقی نامەیەکی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی بڵاو کردەوە کە ڕۆژی 11/6/2017 ئاراستەی کردووە و تێید نووسراوە: ”بەپێویستی دەزانم زۆر سوپاستان بکەم بۆ ئەو ئەرک و ماندووبوونەی کە لەو چەند ساڵەدا لە هەماهەنگیی نێوان هێزەکان و بەڕێوەبردنی کاروباری وەزارەتی پێشمەرگە و خزمەتکردنی گەلەکەمان بە باشی و ڕێکوپێکی ئەنجامتان داوە و دەستخۆشیتان لێ دەکەم، هیوای سەرکەوتن و تەمەندرێژیتان بۆ دەخوازم“.

لە بەرامبەردا بریکاری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە وەڵامی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی داوەتەوە و نووسیویەتی: ”بەڕێزم سوپاس بۆ وەفاداری و ڕابەرایەتیکردنی بەڕێزتان، لە وەفاداریی بەڕێزت هەر ئەوەم چاوەڕوان دەکرد“. جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە لە ماوەی ڕابردوودا بە ئەرکی خۆی هەڵساوە و ”لە سەردەمێک خوا ژیانی پێ بەخشیم کە گەلەکەمان لەوپەڕی ژێردەستی و ماڵوێرانیدا بوو، منیش لەسەر دەستی جەنابت و ڕابەرایەتیکردنی بەڕێزت، پێشمەرگە بووم و دڵنیابن لەوەی کە ئەوەی لە توانامدا بووە، ئەنجامم داوە و سوپاس بۆ خودا، بە ڕابەرایەتیکردنی بەڕێزتان گەلەکەمان نزیکە بە ئامانجی خۆی بگات“.

ڕۆژی 5/6/2017 ئەوە ڕاگەیاندرا کە سەربەست لەزگین، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتیی کوردستان و بەرپرسی میحوەری شنگال، بە مەرسوومی هەرێمی لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە، وەک بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە دەست بەکار بوو.













باسنيوز
Top