داوای ھێورکردنەوەی رەوشی ئەمنیی چەمچەماڵ دەکرێت
ئەبوبەکر ھەڵەدنی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان رایگەیاند: "بەداخەوە ناکرێت رەوشی ئەمنی شاری چەمچەماڵ خراپ بکرێت، بەرەو جەژن دەڕۆین ھیوادارین دۆخی ئەمنی شارەکە تێک نەدرێت و دەستی حزب لە دامەزراوەکانی حکوومەت لەو سنوورە بکێشرێتەوە".
ھەر لەوبارەوە، مەڕوان گەڵاڵی، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، لە پەرلەمانی کوردستان گوتی: "بەداخەوە دیارە لەناو یەکێتی کێشەکان زۆر بووە و بەشێکیان گەیشتونەتە ئاستێکی مەترسیدار، ھەرچی زووە دەبێت فەرمانی حزبی لە دامەزاروەکانی چەمچەماڵ دوور بخرێتەوە، بۆ ئەوەی رەوشەکە لەوە زیاتر خراپ نەبێت، چونکە بەراستی بەردەوامی دانی ئەو رەوشە لەو شارەکە خراپ دەبێت و ناکرێت ھاووڵاتیانی خەڵکی کوردستان باجی ناکۆکی سیاسیەکان بدەن".
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ، ئەوەشی خستەڕوو: "دەبێت بەشێوەیەکی خێرا کاربکرێت بۆ ھێورکردنەوەی رەوشی ئەمنی چەمچەماڵ، ئەو ھێزانەی بەکار دەھێنرێت بۆ یەکلاکردنەوەی پرسە ئیدارییەکان دوور بخرێنەوە".
رۆژی دووشەممە ١٢/٦/٢٠١٧ دوای ئەوەی ھێزێکی سەر بە دژە تیرۆری سەر بە یەکێتی گەمارۆی بارەگای مەڵبەندی چەمچەماڵی یەکێتییان دا، دواتر ھەر ئەو رۆژە بڕیار درا، رەمەک رەمەزان، بەڕێوەبەری شارەدێی تەقتەق، بکرێتە قایمقامی چەمچەماڵ.
باسنیوز
