جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە: لە شنگال گومان لە جوڵەی پەکەکە و حەشدی شەعبی دەکەین

 جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە: لە شنگال گومان لە جوڵەی پەکەکە و حەشدی شەعبی دەکەین
جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە ئاشکرای کرد، ماوەیەکە پەیوەندی لەنێوان حەشدی شەعبی و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) زیادی کردووە و لەماوەی چەند ڕۆژی رابردوودا جوڵەیان هەبووە کە گومان دەکرێت پیلانێکیان بۆ تێکدانی دۆخەکە هەبێت.

سالار محەمەد جەباری، جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە ڕایگەیاند: “ماوەی چەند ڕۆژێکە جوڵەی پەکەکە و حەشدی شەعبی لە سنووری شنگال زۆر بووە، زۆریش بەگومانەوە لەو جوڵەیە دەڕوانین، چونکە پەکەکە حیساب بۆ ئیدارەی شنگال ناکات، ھیچ حسابێک بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش ناکات، رەنگە ئەو جوڵەی پەکەکە و حەشدی شەعبی پەیوەندی بە پرسی ھیلالی شیعییەوە ھەبێت کە ئێستا حەشد دەیەوێت وەک گرێ ئەو سنوورە ببەستێتەوە”.

ئەو بەرپرسە باڵایەی پێشمەرگە بە توندی هۆشداری بە پەکەکە دا لەوەی کە دەبێت شنگال چۆڵ بکەن، چونکە: “ئەوان پەیوەندییان لەگەڵ حەشدی شەعبی ھەیە و ئێستاش سوودیان لەو پێشێلکارییەی رێککەوتنی ھەولێر و بەغدا وەرگرتووە کە حەشد پێشێلکارییەکەی ئەنجام داوە”.

جەختیشی لەوە کردەوە کە حەشدی شەعبی ھاوکاریی پەکەکە دەکات و باس لەوە دەکرێت کە “مووچە و بودجە و پارە و پێویستییەکانیان لە نێوان خۆیاندا ئاڵوگۆڕ دەکەن”.














باسنیوز
Top