د. دیندار دۆسکی: ناکرێت بە فشاری حزبێک سیستەمی سیاسیی کوردستان بگۆڕدرێت
د. دیندار نەجمان دۆسکی، یەکێک لە دامەزرێنەرانی یەکگرتوو کە چەند ساڵێکە دەستی لەکار کێشاوەتەوە، ڕایگەیاند، لەنێو چەند لایەنێکدا ئێستا داواکارییەکی نوێ پێشکەش دەکرێت کە گوایە دەبێت “بەشێوەیەکی خێرا لە پەرلەمانەوە سیستەمی حوکمڕانیی کوردستان بگۆڕدرێت”.
ئەوەشێ ڕوون کردەوە: “پێشتر چوار فراکسیۆن هەوڵی ئەوەیان دا کە لە پەرلەمانەوە ئەم سیستەمە بگۆڕن و سەرکەوتوو نەبوون، ئەوان دەیانویست بە کۆی دەنگی چوار فراکسیۆن، بەبێ گەڕانەوە بۆ بۆچوونی حزبەکانی دیکە، پڕۆژەی خۆیان فەرز بکەن، لە کاتێکدا نەدەبوو ئەوەیان بکردایە، چونکە پەرلەمانتار کاتێک دەست بەکار دەبێت، سوێند دەخوات کە یەکڕیزیی نیشتمانی بپارێزێت، ئێ بەو هۆیەوە یەکڕیزیی نیشتمانی تێکچوو، واتە سوێندەکەش کەوت".
بە بڕوای دیندار دۆسکی، بابەتی سیستەمی حوکمڕانیی کوردستان بە دوو شێوە یەکلا دەکرێتەوە، یەکەمیان “بەشێوەی ڕێککەوتنی فراکسیۆنەکان لەناو پەرلەمانی کوردستان” و دووەمیشیان “لە ڕێگەی دەستووری هەمیشەیی کوردستان کە دواجار ئەویش دەبێت خەڵک دەنگی پێ بدات وەک ئەوەی لە عێراق هەیە".
سەرەڕای ئەوەی پارتی و یەکێتی لە کۆبوونەوەی ڕۆژی 13/6/2017 پێشنیازێکیان بۆ چارەسەرکردنی دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان خستە ڕوو کە بەو هۆیەوە ئومێدێک لای خەڵک درووست بوو، لەو چوارچێوەیەی کە پەرلەمان کارا دەکرێتەوە و هەوڵی باشترکردنی ژیانی خەڵکی دەدرێت، بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان ئەو پێشنیازەی ڕەت کردەوە.
باسنیوز
