باڵیۆزی بەریتانیا: لەگەڵ مافی چارەنووسی گەلان داین
بەپێی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، کە وێنەیەکی گەیشتووەتە، رۆژی پێنجشەممە 15.6.2017 لە سەلاحەددین، مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ لە فرانک بەیکەر، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کۆ بووەتەوە و تاوتوێی پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و شەڕی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعشیان کردووە.
مەسعود بارزانی بە باڵیۆزی بەریتانیای ارگەیاندووە، گەلی کوردستان دەیەوێ ”دەستکەوتەکانی لەڕێگەی ئاشتی و دوور لە توندوتیژی بەدەست بھێنێت و باشترین پەیوەندیی لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی ناوچەکە هەبێت“.
هەروەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، فرانک بەیکەر لەبارەی ریفراندۆمی سەربەزخۆیی کوردستانەوە رایگەیاندووە، بەریتانیا ”لەگەڵ مافی نەتەوە و گەلانە بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان“.
باڵیۆزی بەریتانیا هەروەها رایگەیاندووە، کە لەگەڵ ئەوەی ئەوان لەگەڵ مافی دیاریکردنی چارەنووس دان لەلایەن گەل و نەتەوەکانەوە، بەڵام وڵاتەکەی ”لەوباوەڕەدایە“ کاتی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی باشووری کوردستان ”باش نییە“.
لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 7.6.2017ـی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەر و سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بڕیاردرا رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017 ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە ھەرێمی کوردستان، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ئەنجام بدرێت.
باسنیوز
