شارەوانی سلێمانی: نەخشەی سێکتەری بۆ ئەو ناوچەیە نەکراوە کە چاڤی لاندی لێ دروست کراوە

شارەوانی سلێمانی: نەخشەی سێکتەری بۆ ئەو ناوچەیە نەکراوە کە چاڤی لاندی لێ دروست کراوە
ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆکی شارەوانی سلێمانی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، ئەوشوینەی کە چاڤی لاندی لەسەر دروست کراوە، پێشتر زەوی کشتوکاڵی بووە و ژمارەی کشتوکاڵیشی ھەیە، پێش ئەوەی کە دروست بکرێت، نەخشەی سێکتەری بۆ ناوچەکە نەکراوە.



ئەمڕۆ چوارشەممە 14/6/2017 یوسف یاسین، سەرۆکی شارەوانی سلێمانی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند: "ئیشی بەناوکردنی وەبەرھێنان یاسای خۆیی ھەیە، ئەویش یاسای ژمارە 4ە، کە دەسەڵاتی دەستەی باڵای وەبەرھێنانە و پڕۆژەی وەبەرھێنان جێبەجێ بکات، ھەروەھا ئەو زەوییانەی کە پڕۆژەی چاڤی گەشتیاری لەسەر دروست کراوە، زەوی کشتوکاڵین و ژمارەی کشتووکاڵیان ھەیە، لەسەر کەسی وەبەرھێن تاپۆ کراون، بەمەرجێک پڕۆژەکە جێبەجێ بکات، بەڵام ئەو ناوچەیەی کە پڕۆژەکەی لەسەر دروست کراوە، لەلایەن شارەوانی سنوورەکەوە نەخشەی سێکتەری بۆ نەکراوە، بەو ھۆیەشەوە ئەوکێشانە ئێستا دروست بوون".



سەرۆکی شارەوانی سلێمانی، ئەوەشی خستەڕوو: "لاریمان لەسەر ھەندێک زەوی ھەیە، کە دەکەونە سنووری پڕۆژەکەوە، ئەو کەسەشی کە بووەتە ھۆی دروستبوونی ئەو ھەڵانە ناکرێت وەک بەرزەکی بانان بۆی دەربچێت، ھەڵەکەش لە نێوان شارەوانی و وەربەرھێنان دروست بووە".



جەختی لەوەکردەوە: "ھەر کەسێک موڵکی ھەبێت، پێ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ شارەوانی، نابێت لەسەر زەوییەکەی بلۆکێک لەسەر بلۆکێک دابنێت، چونکە ھەموو شارێک نەخشە و پلانی خۆیی ھەیە، ھەر شتێک بە ھەڵە کرابێت لێپێچینەوەی یاسایی ھەیە بە ڕێگای یاسا لێی وەردەگیرێتەوە".
bas news-
Top