دھۆک.. کچێکی 12 ساڵی کوردی ئێزدی لە دەستی تیرۆریستانی داعش رزگار کرا
حوسێن کورۆ قائێدی، بەڕێوەبەری نووسینگەی رزگارکردنی کوردە ئێزدییە رفێندراوەکان، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "دوای ھاوکاریی خێرخوازان و ھەوڵدانی دەزگا ئەمنییەکان لە دھۆک و ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، توانیمان ئەمڕۆ چوارشەممە، 14/6/2017 کچێکی کوردی ئێزدی تەمەن 12 ساڵ لە ناو شاری مووسڵ، رزگار بکەین و بیگەڕێننەوە نێو کەسوکارەکەی، بەداخەوە تا ئێستا بە ھەزاران رفێنراوی کوردی ئێزدی لە دەستی تیرۆریستانی دعش ماون، لە سەردەمی حکوومەتی مالیکی بە ھەزاران خانەوادەی کوردی ئێزدی رفێنران".
بەڕێوەبەری نووسینگەی رزگارکردنی کوردە ئێزدییە رفێندراوەکان، ئەوەشی خستەڕوو: "تا ئێستا بە پشتیوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، زیاتر لە 3 ھەزار کوردی ئێزدی لە دەستی تیرۆریستانی داعش رزگار کراون و بەردوامیش دەبین لە ھەوڵەکانمان، تا ئێستا زیاتر لە 3 ھەزار و 400 کەسیش لە ژێردەستی رێکخراوی تیرۆریستانی داعشدا ماون".
bas news-
