قوتابیان و لاوان؛ بەڵێ بۆ ڕیفراندۆم کە داهاتووی کوردستان گەش دەکات

 	 قوتابیان و لاوان؛ بەڵێ بۆ ڕیفراندۆم کە داهاتووی کوردستان گەش دەکات
قوتابییان و لاوان بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی 25/9 دەكەن و دەڵێن، دەنگی ئێمە بە ''بەڵێ'' بۆ سەربەخۆییی كوردستانە و داواش لە هەموو خەڵكی كوردستان و لایەنەكان دەكەین، پشتگیری لەو پرۆسەیە بكەن، بۆ ئەوەی داهاتوویەكی گەشمان هەبێت.

(ئامینا نزمی)، قوتابیی پەیمانگای سۆران بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ''باب و باپیرانی ئێمە بە درێژایی مێژوو خەباتیان كردووە، بۆ ئەوەی ئێمە بە ئازادی بژین، لە ساڵی 1991ـەوە تا ئەمڕۆ گەلی كورد بە ئارامی دەژی، ئێستاش دوای ئەو هەموو قوربانیدانە، كاتی ئەوە هاتووە بە مافە ڕەواكانی خۆمان بگەین و ئەویش سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردستانە، ئەوەش بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دێتەدی، بۆیە داوا لە هەموو خەڵكی كوردستان دەكەم، ئەگەر بیانەوێت بە ئاسوودەیی بژین و بە مافە ڕەواكانی خۆیان بگەن، با بە ''بەڵێ'' دەنگ بۆ سەربەخۆییی كوردستان بدەن.''

(سەرەوان جادر)، قوتابیی قۆناغی یەكەمی بەشی یاسا لە زانكۆی سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕوون كردەوە: ''بە پێی یاسا و دەستووری عێراق، ئێمە مافی خۆمانە بڕیار لە چارەنووسی خۆمان بدەین، بۆیە دەستخۆشی لە هەموو لایەنە سیاسییەكان دەكەم، كە بە یەكەوە بڕیاریان دا لە 25/5دا ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت، بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و سەركەوتنی دەنگی ''بەڵێ''، داهاتوومان مسۆگەر دەبێت و بە مافەكانی خۆمان دەگەین.''

(كۆڤان ڕەشید)، وەكو لاوێكی ئاكرێ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕوون كردەوە: ''پرسی سەربەخۆیی و دیاریكردنی مافی چارەی خۆنووسین، مافی هەموو میللەتێكە، گەلی كوردیش مافی خۆیەتی باسی ئەو بابەتە بكات و بڕیار لەسەر داهاتووی خۆی بدات، نابێت ئەو بابەتە پەیوەست بكات بە هیچ هۆكارێكەوە، (سەرۆك بارزانی)، كەسایەتی و كاریزمایەكی گەورەی هەیە، لە سایەی بەرێزیانەوە ئەو هەموو پەیوەندییە نێودەوڵەتییەمان بۆ دروست بووە، لەبەر كارێزماكەی زۆربەی وڵاتانی جیهان، وەك وڵاتێكی پێشكەوتوو تەماشای كورد دەكەن و ددان بە ڕیفراندۆم و سەربەخۆییی كوردستاندا دەنێن.''

لە كۆتاییدا (ئەشقی عەلی)، وەكو لاوێكی دیكەی هەمان ناوچە بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان دیار كرد: ''دەمانەوێت داهاتوومان مسۆگەر بێت، ئەوەش بەوە بەدی دێت، كە سەربەخۆ بین و بە ئازادانە بڕیاری خۆمان بدەین، بۆیە دیاریكردنی ڕۆژی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان هەموو تاكێكی كوردی دڵخۆش كردووە، بەتایبەتی لاوان، بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی ئەو ڕۆژە دەكەین، بۆ ئەوەی بە ''بەڵێ'' دەنگ بۆ جیابوونەوە و گەیشتن بە مافەمانی خۆمان بدەین.''

kdp-
Top