زەردەشتییەکان پشتگیریی ڕیفراندۆم دەکەن

 	 زەردەشتییەکان پشتگیریی ڕیفراندۆم دەکەن
زەردەشتییەکان، وەک تەوای پێکهاتە و نەتەوەکانی دیکە چاوەڕوانی ٢٥ی ئەیلوولی ئەم ساڵن، بۆ ئەوەی بە ''بەڵێ'' دەنگ بدەن و دەڵێن: بۆ ئەوەی لە وڵاتێکی سەربەخۆدا ئایینەکەمان پاراستووتر بێت، بە ''بەڵێ'' دەنگ دەدەین.

(هیوا دارتاش)، نوێنەری زەردەشتییەکانی پارێزگای دهۆک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''بە شێوەیەکی گشتی زەردەشتییەکان لەگەڵ ڕیفراندۆم و سەربەخۆیین، دوور لە حزبایەتی و هەموو شتێک، پێویستە هەموومان لە لای خۆمانەوە پشگیریی ئەم پرۆسەیە بکەین و هەموومان پێکەوە بچین دەنگی خۆمان بدەین، لە بەر ئەوە لە کۆنەوە ئێمە چاوەڕوانی ئەم ڕۆژە مێژووییەین.''

نوێنەری زەردەشتییەکانی پارێزگای دهۆک گوتیشی: ''لەسەر زەردەشتییەکان پێویستە بە هەموومان کار بکەین بۆ ئەوەی ئەم پرۆسە پیرۆزە سەربکەویت، چونکە ئەمە گرێدای هیچ لایەنێک یان ئایینێک نییە، ئەمە گرێدای گەلێکە پێویستە چارەنووس و دواڕۆژی خۆی دیاری بکات.''

(بەناز عومەر سەلام)، کچێکی زەردەشتیی چالاکوانە لە پارێزگای دهۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ئێمە، وەک زەردەشتییەکان زیاتر لە هەمووان پشتگیریی ڕیفراندۆم دەکەین، وەک هەنگاوی یەکەمی سەربەخۆیی، بۆ ئەوەی ئێمەش وەک هەموو گەلان ببێنە خاوەنی وڵاتێک و سنوورمان دیاری بکرێت و نابێ جارێکی دیکە دەستکاری بکرێت و هەموو ناوچەکانمان بگەڕێنەوە سەر هەرێم و وڵاتێک بێت، کە ببێتە جێیەکی پێکەوەژیان و قبووڵکردنی ناسنامەی ئایینەکان، بەتایبەت زەردەشتییەکان.''
kdp-
Top