چاودێرێکی سیاسی: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕێز لە ئیرادەی هەرێمی کوردستان دەگرێ
چاودێری سیاسی و ماموستای زانکۆ، (د. عەبدولحەکیم خەسرۆ) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ھەڵوێستی ئەو وڵاتانەی کە پەیوەندیی دیپلۆماسییان لەگەڵ یەکتر ھەبێت، کۆمەڵێک ڕێکار بە یەکەوە گرێیان دەدات، بۆیە باس لە یەکپارچەیی عێراق دەکەن، ئەمە ھەڵوێستێکی دیپلۆماسییە، بەڵام هاوکات لەبەرامبەر ڕێفراندۆمی ھەرێمی کوردستانیشدا ڕێز لە ئیرادەی خەڵکی کوردستان دەگرن، ئەمەش یەکەم جارە لە مێژووی کورددا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەو جۆرە ڕێز لە ئیرادەی خەڵکی کوردستان دەگرن، ئەمەش دەرەنجامی بەرخوادانی گەلی کوردە بەرامبەر بە تیرۆر و، لەگەڵ ئەوەشدا وەکو ئەکتەرێکی کارا لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا کاری کردووە و ئێستا ئەکتەرێکی نێودەوڵەتییە.''
(د. عەبدوڵحەکیم خەسرۆ) گوتی: ''ئێستا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا ڕێزێکی تایبەتی بۆ گەلی کورد ھەیە، بۆیە پێویستە ئێمە لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستاندا ئەم مەسیجە بە وردی بخوێنینەوە و بە ئیجابیی بزانین، چونکە لە داھاتوودا دەرەنجامی ڕیفراندۆمی ھەرێمی کوردستان، چۆن بێت، قبووڵی دەکەن.''
(خەسرۆ) ڕوونی کردەوە: ''ئەو ڕێزگرتنەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ ئیرادەی گەلی کوردستان شتێکی نوێیە، چونکە پێشتر تەنیا باسی یەکپارچەیی خاکی عێراق دەکرا و ئێستا ڕێز لە داخوازییەکانی گەلی کوردیش دەگرن، ئەمەش نامەیەکی ئیجابییە بۆ گەلی کورد.''
(د. عەبدوڵحەکیم خەسرۆ) گوتیشی: ''سەرکردایەتیی کوردیش بۆیە بەو جۆرەی داناوە، سەرەتا ڕیفراندۆم، کە ئیرادەی خەڵکی کوردستانە و دواتر دانوستان لەگەڵ بەغدا بۆ ئەوەی بە شێوەی ئاشتییانە دەوڵەت ڕابگەیەنین و دواتر ھیچ کێشە و ململانە دروست نەبێت.''
kdp-
