رۆمیۆ ھەکاری: چارەنووسمان لەگەڵ کوردستانە و دەنگیش بۆ سەربەخۆیی دەدەین
(ڕۆمیۆ ھەکاری)، سکرتێری گشتیی حزبی بەیتنەھرێن، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئێمە، وەک گەلانی کلد و ئاشوور، دەمێکە ھەڵوێستی خۆمان بە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ڕاگەیاندووە، کە پشتگیری لە ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆییی ھەرێمی کوردستان دەکەین و وەک گەلێکی زۆڵملێکراوی عێراق لەگەڵ گەلانی کوردستان ئامادەین بۆ بەشداریکردن لە پڕۆسەی ڕیفڕاندۆمی ئەیلوولی داھاتوودا و دەنگیش بۆ سەربەخۆیی دەدەین، چونکە جگە لە ماڵوێرانی ھیچمان لە عێراقدا نەچنیوەتەوە و بەشی ئێمە ھەر چەوسانەوە بووە، ھەر لە دامەزراندنی عێراقەوە تا ھێرشی داعشی تیرۆریست بۆسەر ناوچەکانمان، کە بەداخەوە ھێشتا برینەکانمان ساڕێژ نەبوونەتەوە و ژمارەیەک ھاووڵاتیمان لەژێر دەستی داعشدا چارەنووسیان نادیارە.''
سکرتێری گشتیی حزبی بەیتنەھرێن ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ''ئێمە، گەلێکی دێرینی ھەرێمی کوردستانین و چارەنووسمان بەستراوە بە گەلی کورد و گەلانی دیکەی نێو کوردستانەوە، بۆیە لە ھەر گۆڕانکاری و پڕۆژەیەکی گرینگدا پێویستە ئێمەش ڕۆڵمان ھەبێت و شوێنپەنجەمان لە ھەرێمی کوردستاندا دیار بێت و بەشداری بین لە پڕۆسەی سیاسیی ھەرێمی کوردستاندا.''
(ڕۆمیۆ ھەکاری) گۆتیشی: ''ئێمە تەنیا مەرجمان بۆ بەشداری لە ڕیفڕاندۆمدا زامنکردنی مافەکانی گەلی ئێمە لە دەستووری ھەرێمی کوردستاندایە، ھەروەک لە مادەی ٣٥ی ڕەشنووسی دەستووری ھەرێمی کوردستاندا ئاماژە بە مافی ڕۆشنبیری و نەتەوەیی ئێمە کراوە و پێویستە لە دەستووری دەوڵەتی داھاتووی کوردستانیشدا ئەو گەڕەنتیە بدرێت، کە گەلی ئێمەش مافی خۆیەتی لە ڕووی ڕۆشنبیری و ئایینی و سیاسییەوە مومارەسەی ژیانی خۆیان بکەن.''
kdp-
