دوکان.. ڕێوشوێنی تایبەت بۆ مەلەکردنی گەشتیاران دەگیرێتەبەر

 دوکان.. ڕێوشوێنی تایبەت بۆ مەلەکردنی گەشتیاران دەگیرێتەبەر
بەمەبەستی پاراستنی گەشتیاران و ئاگادارکردنەوەیان لە مەترسی خنکان، قایمقامی شارۆچکەی دوکان بڕیاری دا ڕێوشوێنی پێویست بۆ مەلەوانیکردن لە زێ و بەنداوی دوکان بگیرێتەبەر.

شاھۆ عوسمان، قایمقامی شارۆچکەی دوکان، ڕایگەیاند: "سنووری شارۆچکەی دوکان، ناوچەیەکی گەشتیارییە و بەھۆی ئەوەی کە دەیارچە و زێی دوکان دیمەنەکەی جوانتر کردوە، ساڵانە گەشتیارێکی زۆری بیانی و ناوخۆی رووی تێ دەکەن، بەداخەوە لەکاتی مەلەکردندا ساڵانە چەندین حاڵەتی خنکان ڕوو دەدەن، بۆیە وەک ئیدارەی شاری دوکان چەند بڕیارێکان تایبەتمان بە مەلەکردن دەرکردووە".

قایمقامی دوکان، ئەوەشی خستەڕوو: "لێژنەیەکی ھاوبەرشمان لە ئاسایش و پۆلیس و بەرگری شارستانی بە تایبەت تیمی مەلەوانی دوکان، پێکھێنا، ھەروەھا ئۆتۆمبێلمان دابین کرد، تا بەردەوام لەو ناوچەیە چاودێریکردنی گەشتیاران بکات و ئاگاداریان بکاتەوە کە مەلەکردن لەو شوێنانە، مەترسیدارە".

ئەوەش روون کردەوە: "بڕیارمان داوە کە تابلۆی ئاگادارکردنەوە لە سەر زێی دوکان و دەریاچەی دوکان و ئەو شوێنانەی کە مەترسیدارن لە کاتی مەلەکردندا دابنێین، پێویستە ھاووڵاتیان و گەشتیارانی سنوورەکە لە جێبەجێکردنی ڕێنمایی و بڕیارەکان ھاوکاریمان بکەن بۆ ئەوەی حاڵەتی نەخوازراو کەمبکەنەوە".

قایمقامی دوکان، گوتیشی: "تەنیا لە ئەمساڵدا لە رووبار، زێ و بەنداوی دوکاندا حەوت حاڵەتی خنکان تۆمار کراوە".













باسنیوز
Top