ئەو مامۆستا و بەڕێوەبەر و یاریدەدەرانەی ئامادەی چاودێریی تاقیکردنەوەکان نەبوون سزا دەدرێن

 ئەو مامۆستا و بەڕێوەبەر و یاریدەدەرانەی ئامادەی چاودێریی تاقیکردنەوەکان نەبوون سزا دەدرێن
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەولێر، سزای ئەو بەڕێوەبەر و یاریدەدەر و مامۆستایانە دەدات کە ئامادەی چاودێریکردنی هۆڵەکانی تاقیکردنەوەکان نەبوون.

ئەمڕۆ چوارشەممە 2017/6/14 لەدوو نووسراوی بە پەلەی جیاوازدا، بە ژمارەکانی(١١١٣٠) و (١١١٣١) بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەولێر، ئاگاداری بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەکانی ناوەندی ھەولێر و دەورووبەری ھەولێر و دەشتی ھەولێر و خەبات و شەقڵاوە و سۆران و ڕواندز و چۆمان و مێرگەسۆر و مەخموور و کۆیە، دەکاتەوە کە ئەو بەڕێوەبەر و یاریدەدەر و مامۆستایانەی پابەندی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان نەبوون، لە چاودێریکردنی هۆڵەکانی خوێندن، فەرمانی لادان و گواستنەوە و بەخشینیان بۆ دەربکرێت.

لە نووسراوی یەکەمدا بە ژمارە (١١١٣٠) بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەولێر داوا لە سەرجەم پەروەردەکانی دەکات بە لیستێک ناوی ئەو بەڕێوەبەر و یاریدەدەرانەی کە ئەرکی ئەزموونە گشتییەکانیان پێ سپێردراوە بۆیان ڕەوانە بکەن، بۆ ئەوەی فەرمانی لادان و بەخشین و گواستنەوەیان بۆ دەربکەن".

لە نووسراوەکەی دیکەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەولێردا بە ژمارە (١١١٣١)دا هاتووە کەوا ئەو مامۆستایانەی لە ئەمڕۆ ١٤-٦ وەک یەکەم ڕۆژی تاقیکردنەوەکانیان ئەرکی چاودێریکردنی ھۆڵەکانیان پێ سپێردرابوو و پابەند نەبوونە بە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان، ئەوا ئەو ڕۆژەیان وەک بە نەھاتنی بێ مووچە (غیاب) بۆ ھەژمار بکرێت و بگوازرێنەوە بۆ قوتابخانەیەکی دوور و پێویست و جگە لەوانەی کە بە نووسراوی فەرمی بەخشراون."












باسنيوز
Top