کۆمەڵی ئیسلامی پێشنیازەکەی یەکێتی و پارتی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان ڕەت کردەوە

 کۆمەڵی ئیسلامی پێشنیازەکەی یەکێتی و پارتی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان ڕەت کردەوە
دوای بزووتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستانیش پێشنیازەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتیی کوردستانی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان ڕەت کردەوە.

ڕێبوار حەمەد، گوتەبێژی فەرمیی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری سلێمانی، ئەوەی ڕاگەیاند: ”هەموو لایەک جەختمان لە کەشێکی ئاشتەوایی و تەبایی دەکردەوە، ئەو شێوازەی پێشنیاز کراوە، ئەو کەشە نایەنێتە دی، دروستە بپرسین گۆڕینی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ؟ چۆن دوو لایەن لە بری لایەنەکانی دیکە بڕیار دەدەن؟“.

جەختیشی لەوە کردەوە کە دەبێت پەرلەمان بە بەرنامە و سەرۆکایەتییەکەی ئێستایەوە بەردەوام بێت.

پێشتر بزووتنەوەی گۆڕانیش بە فەرمی ئەو ڕێگەچارەیەی ڕەت کردەوە کە لەلایەن یەکێتی و پارتییەوە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان دیاری کرابوو.

ئەمە لە کاتێکدایە کە لە کۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممە 13/6/2017، پارتی و یەکێتی بڕیاریان دا کە پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە و وەزیرەکانی گۆڕان بۆ پۆستەکەیان بگەڕێنەوە، دواتر سەعدی ئەحمەد پیرە ئەوەی ئاشکرا کرد کە بڕیارەکە بە جۆرێکە، لە دانیشتنی یەکەمدا یوسف محەمەد لە سەرۆکایەتی لادەدرێت و کەسێکی دیکە لە فراکسیۆنی گۆڕان لە پۆستەکەی دەست بەکار دەبێت.













باسنيوز
Top