بزووتنەوەی گۆڕان ڕێگەچارەی پارتی و یەکێتی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان ڕەت کردەوە

 بزووتنەوەی گۆڕان ڕێگەچارەی پارتی و یەکێتی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان ڕەت کردەوە
بزووتنەوەی گۆڕان بە فەرمی ئەو ڕێگەچارەیەی ڕەت کردەوە کە لەلایەن پارتی دیموکراتیی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان دیاری کرابوو.

بزووتنەوەی گۆڕان لە ڕوونکردنەوەیەکدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە 14/6/2017 دەری کردووە، ئەوەی ڕاگەیاندووە کە لە دوای 12ی ئۆکتۆبەری 2015ەوە تا ئێستا، داوا دەکەن کە پەرلەمانی کوردستان ”بە دەستە سەرۆکایەتییە هەڵبژێردراوەکەی ئێستایەوە“ دەست بە کارەکانی بکاتەوە.

هەر لەو ڕوونکردنەوەیەدا گۆڕان کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستانی ڕەت کردووەتەوە و بیانووی بە بوونی مەرج لەپاڵ بڕیاری کاراکردنەوەی پەرلەمان هێناوەتەوە و نووسیویەتی: ”هەر شێوازێکی ئاساییکردنەوەی بارودۆخەکە بە دەستبەکاربوونەوەی مەرجداری پەرلەمان لای ئێمە قەبوڵکراو نییە“.

پێشتر سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا باسی لەوە کرد کە بڕیارەکەی دوێنێی نێوان پارتی و یەکێتی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان بە جۆرێکە کە لە یەکەم دانیشتنی پەرلەماندا، دەستەی ئێستای سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەگۆڕدرێت و کەسێکی دیکە لە فراکسیۆنی گۆڕان لە جێگەی یوسف محەمەد دادەنرێت.














باسنیوز
Top