سەڵاح دەلۆ: لە دوایین کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی پارتی بڕیاری کاراکردنەوەی پەرلەمان دراوە

 سەڵاح دەلۆ: لە دوایین کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی پارتی بڕیاری کاراکردنەوەی پەرلەمان دراوە
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتیی کوردستان ڕای گەیاند، لە دوایین کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی حزبەکەی بڕیاری کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان دراوە و بە پێویستیشی زانی کە بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی بچنە نێو چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان.



سەلاح دەلۆ، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتیی کوردستان، ڕاگەیاند: ئەو کۆبوونەوانەی کە ئەنجام دەدرێن، زۆر دڵخۆشکەرن، چونکە کۆبوونەوە واتە لێک نزیکبوونەوە و گفتوگۆ کردن لەسەر ئەو بابەتەی پێویستە قسەی لەسەر بکرێت، ھەر بەو ھۆیەوە ئێمە ئومێدێکی باشمان ھەیە بۆ ئەوەی پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە، چونکە لە کۆبوونەوەی پێشووی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتیی کوردستان بڕیارێکی وادراوە کە پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە".



ئەوەشی خستە ڕوو کە ئومێدێک ھەیە، بۆ ئەوەی بە ھەموو لایەکەوە کۆدەنگییەک دروست بکەن، بۆ کارا کردنەوەی پەرلەمان، بەو ھۆیەشەوە بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی پێشوازی لە ھەنگاوەکانی ڕیفراندۆم بکەن و بەشداریی کۆبوونەوەکان بکەن. دووپاتیشی کردەوە: ”پرسی ڕیفراندۆم پرسێکی گەورەی نەتەوەیی و نیشتمانییە و نابێت ھیچ لایەن و حزبێک لەژێر ھیچ دروشمێک و بە ھیچ بیانووێک خۆی لێ بە دوور بگرێت“.



ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەر پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە، ئەوا لە کارەکانی بەردەوام دەبێت، تا کاتی ھەڵبژاردنەکان.



ئەمڕۆ چوارشەممە 14/6/2017، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند: ”بڕیارەکە بەو جۆرەیە کە پەرلەمانی کوردستان کارا دەکرێتەوە و یوسف محەمەد لە یەک دانیشتندا سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکات و دواتر کەسێکی دیکە لە فراکسیۆنی گۆڕان بۆ ئەو پۆستە دادەنرێت“.







باسنیوز
Top