سەعدی پیرە: یوسف محەمەد تەنیا یەک دانیشتن سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکات
رۆژی چوارشەممە 14.6.2017، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پەرلەمانی کوردستان بەهۆی کێشە ناوخۆییەکان و بە تایبەت کێشەی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموکراتی کوردستان داخرا.
سەعدی ئەحمەد پیرە هەروەها رایگەیاند، کە لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی حزبەکەی، چەند بڕیارێکیان داوە، کە بریتین لەمانە:
یەکەم/
یەکێتی تێدەکۆشێت بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم وەک تەنیا دەرگای یاسایی بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی کوردستان.
دووەم/
یەکێتی بۆ چارەسەرکردنی کێشە یاساییەکان ھەوڵی کاراکردنەوەی پەرلەمان دەدات.
سێیەم/
چارەسەرکردنی کێشەکان و یەکخستنی نەتەوەکەمان بۆ کۆدەنگیی نیشتمانی بۆ سەرخستنی پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئاماژەی بە کۆبوونەوەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، (گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی بەشدارییان تێدا نەکرد) کرد و رایگەیاند، لەوێ بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی و کاراکردنەوەی پەرلەمان درا.
سەعدی پیرە باسی کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممە 13.6.2017ـی مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی کرد و ”ئەم بڕیارانە دران“:
- پەرلەمان لە دانیشتنی یەکەمی دوای کاراکردنەوە، لە لایەن یوسف محەمەد بەڕێوە دەبرێت.
- لە دانیشتنی دووەمدا سەرۆک، جێگری سەرۆک و بڕیاردەرەکەی دەگۆڕدرێن، سەرۆکی تازەش ھەر لە بزووتنەوەی گۆڕان دەبێت.
- ھەموو ئەو بڕیارانەی لە کاری ڕۆژانە لەبارەی ئەجێندای کۆبوونەوەکان و وردەکارییەکانی دیکە دەدرێن، پێویستە بە تەبایی بدرێن.
- وەزیرەکانی گۆڕان، کە نێردرابوونەوە ماڵەوە، دەگەڕێنەوە سەر کارەکانی خۆیان وەک پێش ناکۆکییەکان.
باسنيوز
