كچە خوێندکارەكانی سلێمانی دژی بژاردنی ١٠٠ ھەزار دینارەكە گردبوونەوە
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە لە سلێمانی كچە خوێندکارەكانی بهشه ناوخۆیی زانستە ئیسلامییەکان، دژی لێ وەرگرتنی بڕی ١٠٠ ھەزار دینار، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیان ئەنجام دا.
خوێندکارانی بەشە ناوخۆیی ئایندە لە گەڕەکی ھەوارەبەرزەی سلێمانی، دژی لێ وەرگرتنی بڕی ١٠٠ ھەزار دینار بەھۆی شوێنی مانەوەیان، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیان ئەنجام دا و داوایان کرد حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئەو بڕە پارەیە لە خوێندکارانی بەشەناوخۆیی وەرنەگرێ.
شاناز تەھا خوێندکاری قۆناخی دووەمی زانستە ئیسلامییەکانە لە زانکۆی سلێمانی، لە لێدوانێکیدا گوتی "سەرەڕای نەبوونی خزمەتگوزاری پێویست لەنێو بەشە ناوخۆییەکەدا، ھاوکات حکومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری داوە بڕی ١٠٠ ھەزار دینار لە خوێندکارانی بەشەناوخۆی وەربگرێ".
گوتیشی "ئێمە بە ھەموو شێوەیەک پێدانی ئەو بڕە پارەیە ڕەت دەکەینەوە، چونکە پێشتر بڕی ٦٠ ھەزار دینارمان داوە بە حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆیە بە ھیچ شێوەیەک ئامادە نین جارێکی دیکە ئەو بڕە پارەیە بدەین".
ئاماژەی بەوەش کرد "پێویستە وەزارەتی خوێندنی باڵا ھەوڵی ئەوە بدات ئەو بڕە پارەیە لە خوێندکاران وەرنەگرێ، چونکە خوێندکارانی بەشەناوخۆیی ھەمووی کەسانی ھەژارن، خوێندکار ھەیە پارەی ھاتوچۆی پێ نییە ئێستە چۆن دەبێت لەم دۆخەدا بڕی ١٠٠ ھەزار دیناری لێ وەربگیرێ".
bas news-
