یونسێف پاڵپشتی خۆی بۆ خوێندنی نائاسایی لە کوردستان دووپات کردەوە
ئەمڕۆ سێشەممە 13/6/2017ی لە شاری ھەولێر،پرێزنتەیشنێک سەبارەت بە (خوێندنی نا ئاسایی) بە بەشداری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و رێکخراوی یونسێف پێک ھات، سەرەتای کۆبوونەوەکە د. پشتیوان سادق، وەزیری پەروەردە، رای گەیاند: "سوپاسی رێکخراوی یونسێف دەکەم کە لە رابردوودا ھاوکار و پاڵپشتی سێکتەرەی پەروەردە بوونە و بڕیار وایە لە ئایندەشدا پێکەوە کاری باشتر و جددی بکەین"،
ھەروەھا باسی لەوەش کرد کە لە پاش جێھێشتن و تەواوبوونی ئەو ھەنگاو و پڕۆژانەی کە لەلایەن رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە جێبەجی دەکرێن، پەرەی زیاتریان پێ نادرێت و تووشی داڕمان دەبن کە ئەمە زەرەرێکی گەورە لە توانا و خواست و ھیواکان دەدات، نموونەشی (قوتابخانەی ھاوڕێ)ی ھێنایەوە کە دەشێت گەشە و پەرەی زیاتر پێ بدرێت.
وەزیری پەروەردە، لەبارەی قسەی لەسەر خوێندنی نائاسایی کرد و گوتی: "ئەم ھەنگاو و پڕۆژە گرنگ و زەروورییە و پێویستە جددی بگیردێت، میکانیزمی تەرجەمەکردنی بۆ خوارەوە پێویستە و فیدباکەکان وەربگیردرێن و ھیوادارم رێکخراوی یونسێف بەشدار بن و کاری لەسەر بکەن".
پیتەر ھاوکینس، نوێنەری یونسێف لە عێراق و تارێکی پێشکەش کرد و راگەیاند: "بەرزبوونەوەی رێژەی سەدی دانیشتوان، ھۆکارێکە کە بیر لەوە بکەینەوە منداڵان ھەموو بخوێنن و خوێندنی نائاسایش بەشێکی گرنگی ئەم بەشداریکردنی خوێندنەیەو ئەمەش گرنگە بۆ ئێمە یونسێف و پاڵپشتی خۆمان بۆ ھەرێم و ناوەند دووپات دەکەینەوە".
نوێنەری یونسێف لە عێراق، باسی لەوەش کرد: "رێکخراوی یونسێف بەردەوام ئامادەیی تێدایە کە لەگەڵ تیمەکانتان و قوتابخانەکانتان کار بکات بۆ پاڵپشتی ئەم پڕۆژەیە و بەردەوامی زیاتر لە کارەکانتان بەگشتی".
ئەم برێزەنتەیشنە پاش بەستنی گریبەستێک دێت لە نێوان یونسێف و د.رۆژمێری نوانگۆ، شارەزای پەروەردەیی لە ئۆفێسی نایجیریای یونسێف بە مەبەستی پاڵشتی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە بواری پێشخستنی چوارچێوەی تێگەیشتن بە خوێندنی نائاسایی.
bas news-
