یونسێف پاڵپشتی خۆی بۆ خوێندنی نائاسایی لە کوردستان دووپات کردەوە

یونسێف پاڵپشتی خۆی بۆ خوێندنی نائاسایی لە کوردستان دووپات کردەوە
ئەمڕۆ سێشەممە، لە شاری ھەولێر، پرێزنتەیشنێک سەبارەت بە (خوێندنی نا ئاسایی) بە بەشداری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و رێکخراوی یونسێف پێک ھات.



ئەمڕۆ سێشەممە 13/6/2017ی لە شاری ھەولێر،پرێزنتەیشنێک سەبارەت بە (خوێندنی نا ئاسایی) بە بەشداری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و رێکخراوی یونسێف پێک ھات، سەرەتای کۆبوونەوەکە د. پشتیوان سادق، وەزیری پەروەردە، رای گەیاند: "سوپاسی رێکخراوی یونسێف دەکەم کە لە رابردوودا ھاوکار و پاڵپشتی سێکتەرەی پەروەردە بوونە و بڕیار وایە لە ئایندەشدا پێکەوە کاری باشتر و جددی بکەین"،


ھەروەھا باسی لەوەش کرد کە لە پاش جێھێشتن و تەواوبوونی ئەو ھەنگاو و پڕۆژانەی کە لەلایەن رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە جێبەجی دەکرێن، پەرەی زیاتریان پێ نادرێت و تووشی داڕمان دەبن کە ئەمە زەرەرێکی گەورە لە توانا و خواست و ھیواکان دەدات، نموونەشی (قوتابخانەی ھاوڕێ)ی ھێنایەوە کە دەشێت گەشە و پەرەی زیاتر پێ بدرێت.



وەزیری پەروەردە، لەبارەی قسەی لەسەر خوێندنی نائاسایی کرد و گوتی: "ئەم ھەنگاو و پڕۆژە گرنگ و زەروورییە و پێویستە جددی بگیردێت، میکانیزمی تەرجەمەکردنی بۆ خوارەوە پێویستە و فیدباکەکان وەربگیردرێن و ھیوادارم رێکخراوی یونسێف بەشدار بن و کاری لەسەر بکەن".



پیتەر ھاوکینس، نوێنەری یونسێف لە عێراق و تارێکی پێشکەش کرد و راگەیاند: "بەرزبوونەوەی رێژەی سەدی دانیشتوان، ھۆکارێکە کە بیر لەوە ‌بکەینەوە منداڵان ھەموو بخوێنن و خوێندنی نائاسایش بەشێکی گرنگی ئەم بەشداریکردنی خوێندنەیەو ئەمەش گرنگە بۆ ئێمە یونسێف و پاڵپشتی خۆمان بۆ ھەرێم و ناوەند دووپات دەکەینەوە".



نوێنەری یونسێف لە عێراق، باسی لەوەش کرد: "رێکخراوی یونسێف بەردەوام ئامادەیی تێدایە کە لەگەڵ تیمەکانتان و قوتابخانەکانتان کار بکات بۆ پاڵپشتی ئەم پڕۆژەیە و بەردەوامی زیاتر لە کارەکانتان بەگشتی".



ئەم برێزەنتەیشنە پاش بەستنی گریبەستێک دێت لە نێوان یونسێف و د.رۆژمێری نوانگۆ، شارەزای پەروەردەیی لە ئۆفێسی نایجیریای یونسێف بە مەبەستی پاڵشتی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە بواری پێشخستنی چوارچێوەی تێگەیشتن بە خوێندنی نائاسایی.
bas news-
Top