شارەزایەکی یاسایی: هەرێم بە گوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان مافی ڕیفراندۆمی هەیە

شارەزایەکی یاسایی: هەرێم بە گوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان مافی ڕیفراندۆمی هەیە
شارەزایەکی یاسایی دەڵێت، بەپێی ھەموو یاساکانی نێودەوڵەتی و دەستووری عێراق و یاساکانی ھەرێمی کوردستان مافی ھەرێمە ڕیفراندۆم ئەنجام بدات و ئێستا یاسا ڕێی داوە و تەنیا ماوە، کە ڕیفراندۆمەکە ئەنجام بدەین و کارەکە لەسەر خۆمان ماوە، کە بیکەین و بێگومان ھەموو وڵاتانیش پشتگیری لێ دەکەن.

(ئازاد ئەبووبەکر) بەماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، لەوانە بەڵێننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە لە ساڵی ١٩٤٥دا باس لەوە دەکات، ھەرگەلێک مافی خۆیەتی چارەنووسی خۆی دیاری بکات و، جگە لەوەش جاڕنامەی ڤیەننا لە ساڵی١٩٩٣دا دەڵێت، ھەموو میللەتان ئازادن، کە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و نیزیکەی١٠٠ نەتەوە لەژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکاندا گەیشتوون بە ئاواتی خۆیان و بوونەتە دەوڵەت و بە پێی دەستووری عێراق، کە گەورەترین یاسای عێراقە و ھەمووان دەنگیان پێ داوە و لە دیباچەکەیدا ڕوون و ئاشکرایە، کە تا ئەوکاتەی کار بە دەستوور دەکرێت، پێیەوە پابەند بن و ئەگەر پێشێل کرا، ئەوکات کورد مافی خۆیەتی چارەنووسی خۆی دیاری بکات، لەبەر ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠٣وە نەیانتوانیوە یاسایەک دەربکەن، کارەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا ڕێک بخات، جگە لەوەش ھەموو مافەکانی کوردیان بڕیووە و جگە لەوەش مافی داوە بە ھەرێم چارەنووسی خۆی دیاری بکات، بۆیە ئێستا خۆیان ڕێیان داوە، کورد بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات.''

(ئازاد ئەبووبەکر) گوتی: ''لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستانیشدا کە پڕۆژە دەستوورێکمان ھەیە و پەرلەمان دەنگی لەسەر داوە، لەوێشدا ماف بە ھەرێم دراوە چارەنووسی خۆی دیاری بکات و، جگە لەوەش پەرلەمان کۆمیسیۆنێکی دیاری کردووە، کە کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن و ڕاپرسییە، کەواتە خۆی بڕیاری داوە چارەنووسی خۆی دیاری بکات، بۆیە ئێستا ھیچ کێشەیەکی یاساییمان نییە و یاسا ڕێی بە ئێمە داوە و تەنیا جێبەجێکردنی ماوە و دڵنیاشم ئەگەر ڕیفراندۆم بکرێت، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا ددانی پێدا دەنرێت، چونکە ھەمووان بە شێوەیەکی زۆر باش مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەکەن.''

(ئازاد ئەبووبەکر) باسی لەوەش کرد: ''پێویستە ھەموو لایەنەکان پشتگیری لە ڕیفراندۆم بکەن و دڵنیام ئەوانەی ناڕازیشن لە کۆتاییدا پشتگیری لێ دەکەن، چونکە ئەمە مڵکی ھەموو تاکێکی کوردە، نەک ھی تەنیا لایەنێک.''
kdp-
Top