پێشمەرگە لە بەرەی جەنگەوە داوای لە خەڵکە بڵێن بەڵێ بۆ ڕیفراندۆم
موقەدەم (یونس سەعید)، فەرماندەی پێشمەرگە لە بەرەی پێشەوەی جەنگ لە میحوەری خازر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ''داواکارین خەڵكی ئێمە لە ڕۆژی 25/9دا هەموو پێكەوە بۆ بەرزڕاگرتنی خوێنی شەهیدان، ڕوو لە سندووقەكانی دەنگدان بكەن و بە ''بەڵێ'' دەنگی خۆیان بدەن، چونكە ڕیفراندۆم نەك تەنیا بۆ حزب و لایەنێكە، بەڵكو هی هەموو خەڵكی كوردستانە، وەك چۆن هێزی پێشمەرگە هەموو پێكەوە لە سەنگەری بەرگریدا خوێنیان تێكەڵ بە یەكدی بووە، خەڵكی ئێمەش هەموو پێكەوە بە ''بەڵێ'' دەنگی خۆیان بدەن، بۆ ئەوەی خەبات و قوربانیدانەکەمان بەفیڕۆ نەچێت و بەو ڕۆژە بگەین، كە دەریایەك خوێنمان بۆ داوە.''
نەقیب (كەمال محەمەد) لە بەنداوی مووسڵ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: ''وەك هێزی پێشمەرگەی كوردستان پشتگیریی خۆمان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان دەردەبڕین، كە لە لایەن لایەنە سیاسییەكانەوە دەرچووە، بۆ دیاریكردنی مافی گەلەكەمان، هیوادرین هەموو لایەك، وەكو ئێمە هەڵوێستی خۆی دەرببڕێت و لەو ڕۆژەدا ئامادە بێت، دەنگ بۆ سەربەخۆییی كوردستان بدات.''
ملازم (حەدۆ موشیر) لە بەرەی پێشەوەی جەنگ، لە خازر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕوون كردەوە: ''هیوادارم گەلی كورد ئەو نەهامەتی و ناخۆشییانەی بە دەیان ساڵە لەبەرچاو بگرێت و لەو ڕۆژەدا هەموو شتێك بەلاوە بنێت و دەنگی خۆی بۆ سەربەخۆییی كوردستان بدات، بۆ ئەوەی لەو ناخۆشییانە ڕزگار ببین و ببینە خاوەن وڵاتی خۆمان.''
(نێچیرڤان غەفوور)، پێشمەرگە لە میحوەری مەخموور، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دیار كرد: ''ئێمە، وەك پێشمەرگە ڕۆژی 25/9 ئامادەینە بۆ ڕیفراندۆم، پشتگیریش لەو پرسە دەكەین، چونكە خەبات و تێكۆشانی ئێمە بۆ ئەو ڕۆژە بووە، داواش لە هەموو لایەنەكان و هەموو خەڵكی كوردستان دەكەین لەو ڕۆژەدا دەنگی خۆیان بە ''بەڵێ'' بدەن، بۆ ئەوەی چی دیكە تووشی ئەنفال و كیمیاباران و دەربەدەری نەبینەوە.''
kdp-
