کاکەیییەکان پشتگیری ڕیفراندۆمن

 	 کاکەیییەکان پشتگیری ڕیفراندۆمن
کوردانی کاکەیی، وەک هەموو ئایین و نەتەوەکان پشتگیریی ڕیفراندۆم دەکەن. ئەوان دەڵێن، سەربەخۆییی کوردستان تاکە چارەیە بۆ پاراستنی کاکەیییەکان، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە تووشی هیچ زوڵم و ستەمێک نەبن.

(رەجەب کاکەیی)، چالاکوانی کاکەیی، دانیشتووی شاری کەرکووکە و بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''هەوڵوێستمان، هەڵوێستێكی نیشتمانیی ڕوونە سەبارەت بە ڕیفراندۆم و ئێمە لەگەڵ ڕیفراندۆمین و بە هەموو شێوەیەک پشتگیری دەکەین و ئەمە بە سەدان ساڵە کورد خەباتی بۆ دەکات. ئێمە ناتوانین لەگەڵ عیراقێکی تائیفگەری بژین و ئەوان دژایەتیی هەموو پێکهاتە ئایینییەکان دەکەن و دژایەتییان دەکردین، لەبەر ئەوە ڕیفراندۆم زۆر گرینگە، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە تووشی زوڵم و ستەم نەبین.''

(ئاکۆ شاویش)، کە خۆی کاکەیی و ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبچەیە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ئێمە زۆر پێمان خۆشە ڕیفراندۆم بکرێت و سەربەخۆیی ڕابگەینرێت، ئەمە قازانج بە هەموو کورد دەگەیەنێت، نەک تەنیا کاکەییەکان، لەبەر ئەوەش ئێمە پشتگیری دەکەین و ئێستا کێ هەیە حەزی لە سەربەخۆیی نەبێت. منیش، وەک نوێنەرێکی کاکەیی و چالاکوانێکی کاکەیی پشتگیریی خۆم ڕادەگەیەنم و ئۆمێدمان هەیە لە کوردستانێکی سەربەخۆدا کاکەیی لە هەموو پۆستە ئیدارییەکان و هەموو شتیکدا هەبێت و ئەمە مافێكی ڕەوامانە.''

سەبارەت بەم پرسە، (سامی ڕەفعەت کاکەیی)، ئەندامی ئەنجومەنی قەزای داقووق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ڕیفراندۆم هەنگاوێکە بەرەو سەربەخۆیی و بە شێوەیەکی گشتی کاکەییەکان لەگەڵ ڕیفراندۆمن، وەکو هەموو پێکهاتە نەتەوەیییەکان و ئەمە خەونی تەواوی گەلی کوردە، نەک تەنیا کاکەیی و پێویستە هەمووان پشتگیری بکەن، بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە سەربکەویت و خەونی هەموومان بهێنێتە دێ و ببینە خاوەن وڵاتێکی سەربەخۆ.''
kdp-
Top