کۆیە.. دوو کەس بە تۆمەتی دزینی ماتۆرسکیل دەستگیر دەکرێن

 کۆیە.. دوو کەس بە تۆمەتی دزینی ماتۆرسکیل دەستگیر دەکرێن
پۆلیسی شاری کۆیە لە دوو چالاکیدا دوو کەسی بە تۆمەتی دزینی ماتۆرسکیلی ھاووڵاتییان، دەستگیر کرد.

شۆڕش کاکە، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی کۆیە، ڕایگەیاند: "دوای ئەوەی لەلایەن ھاووڵاتییانەوە پێمان ڕاگەیندرا، کە لەلایەن چەند کەسێکەوە چەند ماتۆرسکیلێک دزراون و مامەڵەیان پێوە دەکەن، توانیمان لە دوو چالاکیدا، لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە، شەوی ڕابردوو 12/6/2017، دوو کەس بەو تۆمەتەوە دەستگیر بکەین".

گوتیشی: "ئێستا لێکۆڵینەوە لەگەڵ ھەردوو تۆمەتبارەکەدا دەستی پێ کردووە، بۆ ئەوەی کەسانی دیکەش کە دەستیان لە دزینی ماتۆرسکیلدا ھەبێت، دەستگیریان بکەین".

ھێمای بۆ ئەوەش کرد، کە ماوەیەکە لە سنووری قەزای کۆیە چەند حاڵەتێکی دزینی ئۆتۆمبێل و ماتۆرسکیل تۆمار دەکرێن، بەڵام "خۆشبەختانە توانیومانە بەشێکی زۆر لە ئەنجامدەرانیان دەستگیر بکەین و ئۆتۆمبیل و ماتۆرسکیلەکانیش بۆ خاوەنەکانیان بگەڕێنینەوە".












باسنیوز
Top