سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان: لە پڕۆسەی ریفراندۆم یۆنامی چاودێری خۆی دەبێت
ئەمڕۆ سێشەممە 13/6/2017 ھەندرێن ئەحمەد، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان و راپرسی لە کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا ڕای گەیاند: "ھەڵبژاردن بەشێکە لە دەسەڵاتی کۆمسیۆنی کوردستان، ئەو دانیشتنەی کە کراوە، لەسەر ئامادەکردنی کۆمسیۆن و چۆنییەتی مەشق و ڕاھێنان بۆ پڕۆسەکە بوو".
سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان، ئەوەشی خستەڕوو: "شارەزایەکی نێودەوڵەتی بە ناوی ئەلیکسەندرۆ، تایبەت بە کارکردن لە بواری ڕاھێنا و دیاریکردنی پێداویستییەکان و رێکارەکان لەگەڵ کۆمسیۆن دادەنرێت".
ھەندرێن ئەحمەد، جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەوان دەستوەردان لە کاری ڕیفراندۆمدا ناکەن، گوتیشی: "داوای ھاوکاری مادیمان لە یۆنامی نێردەی نەتەوە یەگرتووەکان کردووە، ھەرچەندە پێشتریش داوای ھاوکاریمان لێ کردوون، لەگەڵ ئەوەش ماوەی چوار ساڵە ھاوکاری کۆمسیۆنی عێراق ھەرێمی کوردستانیان نەکردووە، بەڵام ئەوان لە ھەموو ھەڵبژاردنەکاندا چاودێری خۆیان دەبێت".
باسنيوز
