سکرتێری حزبی شیوعیی عێراقی: هەرێمی کوردستان مافی خۆیەتی ڕیفراندۆم ئەنجام بدات
ڕائید فەهمی، سکرتێری حزبی شیوعیی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەتیدا ڕای گەیاند: “بابەتی ڕیفراندۆم لە دۆخێکی هەستیاردا دەکرێت کە عێراق و هەرێمی کوردستان پێیدا تێپەڕ دەبن، سەرەتا شەڕی دژی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش و ئەوەی کە لەمبارەیەوە دەیخوازێت لە یەکخستنی هەوڵەکان لەسەر ئاستی عێراق وەک گشت پێکهاتەکان لە نێوان حکوومەتی ئیتیحادی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها لە لایەنی ئابووری و کۆمەڵایەتیش کە دۆخێکی سەخت هەیە لە ئەنجامی قەیرانی ئابووری و دارایی و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە کاریگەرییەکەی بە شێوەیەکی نێگەتیڤ لەسەر ڕۆڵەکانی هەرێمی کوردستان و بژێوییاندا ڕەنگ دەداتەوە”.
سکرتێری حزبی شیوعیی عێراق پشتیوانیی خۆی بۆ ڕیفراندۆم دەربڕی و ڕای گەیاند: “وەک پابەندبوونمان بە بنەمای مافی گەلان بۆ دیاریکردنی چارەنووسیان بەپێی شێواز و ڕێوشوێنەکانی خۆی کە پێشتر دوایین بەرجەستەکردنی ئەو مافە لە چوارچێوەی شێوازی فیدرالیی (ئیتیحادی)دا بووە کە دەستووری عێراقی بڕیاری لێ داوە، بەڵام بەداخەوە سەرجەم ئەو لایەنە ئەرێنییانەی نێو شێوازی داڕشتنە ئیتیحادییەکە وەک دەخوازرا بەدی نەهات، بەهۆی کەمتەرخەمی و لاوازیی ئیرادەی سیاسی بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتە هەڵواسراوەکان”.
ڕوونیشی کردەوە کە بەهۆی بەدینەهاتنی خواستەکانی کورد وەک لە دەستووری عێراقدا بڕیاری لێ درابوو، هێزە سیاسییەکانی هەریمی کوردستان خواستی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیان هەیە و وەک زانراوە ئەو پرسیارەی کە لە ڕاپرسییەکەدا دەکرێت، پەیوەندی بە سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستانەوە هەیە.
ڕائید فەهمی جەختی لەوە کردەوە: “لە ڕووی بنەماوە هەرێمی کوردستان مافی خۆیەتی ڕاپرسی بە گەلەکەی بکات، بەڵام ئەوەی پەیوەندی بە ڕاپرسی و ئەنجامەکانیەوە هەیە، بەشێکی دەوەستێتە سەر هەڵوێستی حکوومەتی ئیتیحادی و ڕێگەی کاردانەوەی بەرامبەر ئەنجامەکانی ڕاپرسی، بۆیە باشترە لێکتێگەیشتنی لەگەڵدا بکرێت لەبارەی ڕیفراندۆمەوە، بەشێکیشی دەوەستێتە سەر هەڵوێستی هێزە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان و کاریگەرییەکەی لە سەرجەم لایەنە جیاوازەکانی پرسی ڕیفراندۆم”.
بەپێویستیشی زانی کە هەرێمی کوردستان خۆی لە هەر دەرئەنجامێکی نەرێنیی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە مامەڵەکردن لەگەڵ تەحەدییاتە گەورەکان بەدوور بگیرێت کە ڕووبەڕووی دەبنەوە.
سکرتێری حزبی شیوعیی عێراق هیوای خواست، مامەڵەکردن لەگەڵ بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەلایەن هێز و لایەنە غەیرە کوردستانییەکان، “دوور بێت لە گرژی و پەرچەکرداری توند”، بە تایبەتیش کە سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاندووە کە ڕیفراندۆم و دەرئەنجامەکانی مانای دەست بەجێ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی نییە و ئەوان سەیری دەرئەنجامەکانی دەکەن، وەک ڕێگەپێدانێکی جەماوەی کە سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان پشتی پێ دەبەستێت لە کاتی ئەنجامدانی هەر دانوستانێکی داهاتوو لەگەڵ حکوومەتی ئیتیحادی. گوتیشی: “پەیڕەوکردنی خیتابێکی عەقڵانیی هێمن بۆ هەموو لایەنەکان بە پێویست دەبینین لە مامەڵەکردن لەگەڵ جیاوازییەکان لەبارەی ئەم پرسە. لە هەموو دۆخێکدا دەستوور تاکە مەرجەعە لە ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی ئیتیحادی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ”.
ڕۆژی چوارشەممە 7/6/2017، لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان (جگە لە بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان) بە سەرپەرشتیی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام دا و تێیدا بڕیاریان دا لە ڕۆژی 25ی ئەیلوولی 2017دا ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت.
باسنیوز
