تۆمەتبارانی تیرۆرکردنی جێگری ب. کۆمپانیای گازی باکوور دەستگیر ناکرێن

 تۆمەتبارانی تیرۆرکردنی جێگری ب. کۆمپانیای گازی باکوور دەستگیر ناکرێن
کوڕێکی شەھید محەمەد یونس، جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای گازی باکور و کادیری پێشکەوتووی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی یانەی گازی باکوور لەبارەی کەیسی تیرۆرکردنی باوکیدا دەڵێت، پێشتر گومان و ئێستاش بە تەواوەتی بۆمان دەرکەوتووە کە دوو پۆلیسی بەرگریی فریاکەوتن، دەستیان لە تیرۆرکردنی باوکیمدا ھەیە و دوو کەسەش بە مەبەست ھێشتا دەستگیر نەکراون.

موئمن، کە کوڕی گەورەی شەھید محەمەد یونسە ڕای گەیاند: "دوای شەھیدکردنی باوکم دەزگا ئەمنییەکانی شاری کەرکووک دەستیان کرد بە لێکۆڵینەوە و لەسەر فەرمانی حەیدەر عەبادی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، لیژنەیەکی باڵا لە وەزارەتی ناوخۆ پێکھێنرا و لێکۆڵینەوەکان دەستیان پێکرد، لیژنەکەی عەبادی وێنەی دوو کەسیان پێم نیشان دا کە دەیانگوت دەستیان لە شەھیدکردنی باوکتدا ھەیە، ئەوکاتە ھێشتا گومانم ھەبوو، بەڵام ئێستا دوای لێکۆڵینەوەی زیاتر بۆمان دەرکەوتووە ھەر ئەو دوو کەسە دەستیان لە شەھیدکردنی باوکمدا ھەیە کە دانیشتووی شارۆچکەی کفرین و کارمەندی پۆلیسی بەرگری و فریاکەوتنن لە سلێمانی و تا ئێستاش دەستگیر نەکراون و ناوی ئەو دوو کەسەش ڕادەستی نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووک کە ھاوکات سەرۆکی لیژنەی ئەمنی کەرکووکە کراوە، تا دەستگیر بکرێن، بەڵام ئەوە چەندین رۆژ بەسەر ڕادەستکردنی ئەو ناوانە بە پارێزگار تێپەڕ دەبێت، ھێشتا نەگیراون".

کوڕەکەی شەھید محەمەد یونس، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "تاوانبارەکان لە سنووری ناوچەی سەوزن، دەبێت لە ڕێگەی پارێزگاری کەرکووکەوە کە ھاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانیی کوردستانە دەستگیر بکرێن، بەداخەوە ئێستا لە دۆسییەی شەھیدکردنی باوکم ھەست بە بێدەنگیی دەزگا ئەمنییەکان دەکەین و بەداخەوە نیازێک ھەیە کە دۆسییەکە کۆن بێت و بەرەو ساردبوونەوەی ببەن، بەڵام ئێمە لە حەقی خۆمان خۆش نابین و ناتوانن ساردمان بکەنەوە و ئێستا لە کەیسەکەی باوکم و ھاوەڵەکەیدا ھەموو شتێک ئاشکرا بووە و ماوەتەوە ئەو دوو تاوانبارە دەستگیر بکەن و چۆنیەتی و لەسەر چی و بۆ باوکمیان شەھید کرد بە ڕای گشتی ڕابگەیەنن".

لەم بارەیەوە، عەدنان کەرکووکی، گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک- گەرمیان، ڕای گەیاند: "ناوی چەند کەسێکیان داوەتە سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی کەرکووک، بە تۆمەتی شەھیدکردنی جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای گازی باکوور و ھاوەڵەکەی، بۆ ئەوەی فەرمانی گرتنیان بۆ دەربکەن و دەستگیریان بکەن و دوای دەستگیرکردنی ئەو کەسانەش، بە تەواوەتی ئەو کەیسە ئاشکرا و یەکلا دەبێتەوە".

فەرھاد حەمەعەلی، گوتەبێژی ئاسایشی کەرکووکیش ڕای گەیاند: "دوای لێکۆڵینەوەکانمان ئەنجامەکانیمان ئاراستەی لیژنەی ئەمنیی کەرکووک کرد و بابەتەکە زۆر گەورە بووە، بەغداش تەداخولی کردووە و ئێستا دۆسییەکە لای سەرۆکی لیژنەی ئەمنی پارێزگایە".

بە ھەشت رۆژ دوای ڕووداوەکە حەیدەر عەبادی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، چەند پۆلیسێکی سلێمانیی تۆمەتبار کرد بە شەھیدکردنی جێگری کۆمپانیای گازی باکوور و ھاوەڵەکەی.

محەمەد یونس، جگە لەوەی جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای گازی باکوور بووە، کادیرێکی پێشکەوتوو و دیاری پارتی بووە، ھیوادارین دەزگا تەناھییەکان بکەرانی ئەو تاوانە بدۆزنەوە".

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لە کەرکووک- گەرمیان ئەوەشی خستە ڕوو: "چەندە لە پێگە و پۆستەکەی شەھید دەڕوانین، وامان پێ دەڵێت کە سیاسییە و دەستیشی لە پشتە".

بەیانیی رۆژی ٢/٥/٢٠١٧، لە نزیک بازگەی حوزەیرانی شاری کەرکووک، ئۆتۆمبێلێک کە سێ چەکداری تێدا دەبێت، دەستڕێژی گوللە ئاراستەی محەمەد یونس، جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای گازی باکوور و شاھۆ عەبدولسەلامی ھاوەڵی دەکەن و دەستبەجێ شەھید دەبن.












باسنيوز
Top