پەکەکە ڕێگە نادا فەرمانبەرانی حکوومی لە بناری قەندیل دەوام بکەن
سەرچاوەیەک لە بناری قەندیل ڕایگەیاند، پەکەکە بەشێوەی ئاشکرا کارمەندانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئیستفزار دەکەن، ئەوەش بووەتە ھۆی ئەوەی نیگەرانییەکی زۆر لای ھاووڵاتییانی ناوچەکە دروست ببێ لەسەر ئەو ھەڵسوکەوتە توندانەی بەرامبەر فەرمانبەرانی ناوچەکە دەکرێت، کە دەبێتە ھۆی بێبەشبوونی ناوچەکە لە ھەموو جۆرە خزمەتگوزارییەک.
لەو بارەیەوە موسلیح باڵەکی، بەڕێوەبەری ناحیەی وەرتێ ڕایگەیاند، ماوەیەکە چەکدارانی پەکەکە بە چەند بیانوویەک ئەو فەرمانبەرانەیان ئیستفزاز دەکرد کە سەر بە شارەوانیی ناحیەی وەرتێن و لە سنووری ژێر دەسەڵاتی پەکەکەدا کاری خزمەتگوزارییان دەکرد، کە ژمارەیان ٨ کارمەند بوو.
گوتیشی: ”لە کاتی ڕاپەڕاندنی ئیش و کارەکانیان، لەلایەن پەکەکەوە بەوە ئیستفزاز دەکران کە زۆر جار تا نزیکەی سنووری شارەوانیی سەنگەسەر کار بەو کارمەندانە کراوە و بێزاریان کردوون، ئێستاش ڕێگە نادەن ھیچ کارمەندێکی سەر بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بچێتە ناوچەکانی بناری قەندیلەوە“.
بەڕێوەبەری ناحیەی وەرتێ ئاماژەشی بۆ ئەوە کرد، چەکدارانی پەکەکە بە شێوەیەکی زۆر توند مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسانەدا دەکەن کە بە سنووری ئەواندا بەرەو ڕانیە و شوێنەکانی تر دەچن، تا وای لێ ھاتووە بەشێکی زۆری دانیشتووانی ئەو گوندانەی بناری قەندیل ناتوانن بە ئازادی ھاتوچۆ بکەن و بەشێکیشیان ماڵ و حاڵی خۆیان جێ ھێشتووە. تەنانەت دانیشتووانی گوندی زارگەلی لە ترسی ئەو شێوە مامەڵەکردنەی پەکەکە لەگەڵیان، بەیەکجاری گوندەکەیان چۆڵ بکەن.
باڵەکی ئەوەشی خستە ڕوو، کە بەپێی زانیارییەکانی ئەوان ئەو خەڵکانەی لە گوندەکانی بناری قەندیل سەرقاڵی کشتوکاڵ و ئاژەڵدارین، بەردەوام لەلایەن پەکەکەوە سەرانە و باجیان لێ وەردەگیرێت و ھەر کەسێکیش پابەند نەبێت سزای دەدەن.
سەبارەت بە کێشە و گرفتەکانی ئەو بنکە تەندروستییانەی کە سەر بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستانن و دەکەونە ناوچەکانی ژێر دەسەڵانی پەکەکەوە، دکتۆر مەقسود، بەڕێوەبەری تەندروستیی سۆران لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: “دوو بنکەی تەندروستیمان لە گوندەکانی زارگەلی و بۆکریسکان لە بناری قەندیل کەوتوونەتە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پەکەکە. بنکەی تەندروستیی گوندی بۆکریسکان پەکەکە خۆیان بەڕێوەی دەبەن و سەرجەم کارمەند و پزیشکەکان ھی خۆیانن و ڕێگە نادەن ھیچ فەرمانبەرێکی ئێمە لەوێ دەوام بکات. کەچی ئێمە سەرجەم پێداویستیی پزیشکییەکان و نەوتیشمان بۆ دابین دەکردن، لە حاڵەتێکیشدا لەو بنکە تەندروستییەدا تەنیا یەک کارمەندمان لەسەر میلاکی ئەو بنکەیە بوو، کە دەمانویست سەرپەرشتیی داوودەرمان و ئامارەکانمان بۆ ڕەوانە بکات، بەڵام بە ھیچ شێوەیەک ڕێگەیان نەدا دەوام بکات و تەنانەت نەیدەتوانی سەیری ناو بنکەکەش بکات. ڕاستەوخۆش پێیان ڕاگەیاندبوو کە نابێ تۆ لای ئێمە دەوام بکەی. ھەر بۆیەش بەناچاری گواستمانەوە“.
سەبارەت بە بنکەی تەندروستیی گوندی زارگەلی، بەڕێوەبەری تەندروستیی سۆران گوتی: ”ئێستا گوندەکە چۆل کراوە، بۆیە بڕیارمان دا سەرجەم کارمەندەکانمان بگوازینەوە سەر بنکەی تەندروستیی وەرتێ. ھەر کاتێکیش ھاووڵاتییانی گوندەکە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، کارمەندەکانی ئێمەش دەست بە دەوامی خۆیان دەکەنەوە. بەڵام بەو مەرجەی ئێمە بتوانین سەردان و چاودێریی بنکەکانمان بکەین“.
بەڕێوەبەری تەندروستیی سۆران، ئاماژەشی بۆ ئەوە کرد، کە لە کاتی بۆردومانەکانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆ سەر گوندی زارگەلی، کەرمەندانی ئەوانیش بەشێک بوون لەو قوربانییانەی کە لە گوندەکە ڕوویان دا و لەناویشیاندا شەھید و برینداریان ھەبووە. ھەر ئەوکاتیش یەکێک لەو ئامبۆڵانسانەی بریندارەکانمان پێ دەگواستنەوە، لەوکاتەوە تا ئێستا کە ماوەی سێ ساڵە لەلایەن پەکەکەوە دەستی بەسەردا گیراوە و ناماندەنەوە و بە ماڵی ئێمەوە پیاوەتیی پێ دەکەن. جارێکیش ئامبۆڵانسەکەمان ھێناوە، بەڵام چەکدارانی پەکەکە لەبەرامبەر ئەوە گوتیان ئەگەر بۆمان نەگەڕێننەوە کارمەندێکتان دەست بەسەر دەکەین. ھەر ئەوکاتەش دوای ھێوربوونەوەی ڕەوشی ناوچەکە، کاتێک دەمانویست بنکەی تەندروستی نۆژەن بکەینەوە، کە بەھۆی بۆردومانەکەوە زیانی بەرکەوتبوو، چەکدارانی پەکەکە دەیانویست ڕێگریمان لێ بکەن و بیانوویان بەو کەسانە دەگرت کە لەوێ کاریان دەکرد.
سەبارەت بە دووبارەبوونەوەی ھەر حاڵەتێکی نەخوازراو لە ناوچەکەدا و بەھاناوەچوونی تیمی فریاگوزاریی تەندروستی، بەڕێوەبەری تەندروستیی سۆران ئەوەی خستە ڕوو، کە ئەوان ناتوانن ھیچ کارمەندێکیان ڕەوانەی ئەو سنوورە بکەن: ”کە ئەوان ڕێگە بە کارمەندەکان نەدەن دەوام بکەن و دەست بەسەر ئامبۆڵانسەکاندا بگرن، چۆن بتوانین کاری خۆمان بکەین و خزمەتگوزاریی تەندروستی پێشکەش بە ھاووڵاتییانی ئەو ناوچەیە بکەین؟“.
سەبارەت بە بارودۆخی ژیانی ھاووڵاتییانی ناوچەکە سەرەچاوەیەک لە دەزگا ئەمنییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ناوچەکە ڕایگەیاند، ئامارێکی فەرمیمان لەبەردەستدا نییە، بەڵام لە ماوەی ڕابردوودا چەندین کەس لەلایەن چەکدارانی پەکەکە لە کاتی ھاتوچۆکردنیان بە ڕێگای بناری قەندیلدا دەستگیر کراون و بە خراپترین شێوە مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە و لە چەند کەسێکیشیان داوە، بەشێوەیەک کە لەبەرچاوی برادەکانی لە دار بەستوویانەتەوە و زۆر بە خراپی لێیان داوە. بەپێی زانیارییەکانی ئێمە جگە لەو کەسانەی کە لە سنووری ئێمەدا دەستگیر کرابوون، لە ناوچەکانی تریش وەکو ناوچەکانی سەر بە سەنگەسەر چەندان کەسیان دەستگیر کردووە.
ئەو سەرچاوە ئەمنییە ئاماژەشی بۆ ئەوە کرد، کەوا چەند ماڵێکیش کە خەڵکی گوندەکانی بناری قەندیلن، لەسەر بیروڕای جیاواز لەلایەن چەکدارانی پەکەکەوە ماڵەکانیان جێ ھێشتووە و ناتوانن بگەڕێنەوە گوندەکانیان.
ھەروەھا باسیشی لەوە کرد، بەشێکی زۆری ئەو خەڵکانەی کە دانیشتووی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پەکەکەن، بەھۆی ئەوەی سەرقاڵی کشتوکاڵ و ئاژەڵدارین بە ناچاری ژیان دەگوزەرێنن، چونکە ئەگەر ھەر داواکارییەکیشیان ھەبێ ناتوانن باسی بکەن، دەبێ ھەموو شتێکیان بەدڵی ئەوان بێت.
باسنيوز
