برازایەکی تاڵەبانی: ڕیفراندۆممان لە پێشە و پرژ و بڵاویی ناوماڵی کورد زۆر خراپە
برازایەکی جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشیتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، باس لە دۆخی ناوخۆیی کوردستان دەکات و دەڵێت: "بەردەوامیدان بەم دۆخە لە بەرژەوەندیی کەسدا نابێت".
شێخ عەلی تاڵەبانی،گوتی: دەبێ یەکێتی و گۆڕان و پارتی پێکەوە خەبات بکەن تا ئەم قۆناغە تێپەڕێنن، یەکێتی و گۆڕانیش ئەو رێککەوتنەی هەیانبووە بیخەنەڕوو، چونکە ئەو پرژوبڵاوییەی کورد زۆر خراپە، بەتایبەت ئێستا باسی ریفراندۆم دەکەین، باسی سەربەخۆیی دەکەین، تمووحی گەورەمان هەیە، نابێت ئەوەندە خۆمان بە بابەتی حزبییەوە خەریک بکەین و گرنگە ئەوەیە هەموومان لەسەر ستراتیژی کوردانە یەک بین".
گوتیشی: "من وەک خۆم بەشداریی کاری سیاسی ناکەم و بەس وەک کەسێک ئەزموونم هەیە ئەمە باشترین دەرفەتە هەموومان بە یەکەوە ستراتیژی نەتەوەیی پەیڕەوی بکەین، خەریکە حزبایەتی لە وڵاتی ئێمە ناخۆش بووە، هەمووی بووە بە حزبی و حزبایەتی دەمارگیری پەیدا بووە، گۆڕانکاری لە ناوچەکە بەڕێوەیە و دەرفەتێکی مەزن بۆ کورد هاتووەتە پێشەوە".
باسنیوز
