بە مەڕسومی سەرۆك بارزانی ھەزاران پێشمەرگە پلەیان بەرز دەکرێتەوە

 بە مەڕسومی سەرۆك بارزانی ھەزاران پێشمەرگە پلەیان بەرز دەکرێتەوە
بەرپرسێک ئاشکرای دەکات بە مەڕسومی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھەزاران پێشمەرگە لە ھەموو یەکە جیاوازەکان پلەکانیان بەرزکراوەتەوە.



د.غازی دزەیی بەڕێوەبەری گشتی ھەماھەنگی و بەدواداچوون لەدیوانی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان راگەیاند بە لیستێک مەڕسومی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پلەی ھەزاران پێشمەرگە بەرزکراوەتەوە، گوتی: لە لایەن وەزارەتی پێشمەرگە بە لیستێک ناوی ٢ھەزارو ٣٩٥ ئەفسەری پێشمەرگە بۆ ئێمە نێردرابوو، دوای وردبینیکردن ھەزار و ٣٢٨ کەسیان پلەکانیان بەرزکرایەوە و نزیکی ھەزارکەسیش رەتکرایەوە.



سەبارەت بە رەتکردنەوەی بەرزکردنەوەی پلەی ئەو ھەزار کەسە ئەو گوتی: لە نوسراوەکەی سەرۆکایەتی ھەرێم کە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە رەوانە کراوە ئەوە ھاتووە بەھۆی چەندین ھۆکار رەزامەندی نەدرا لەسەر بەرزکردنەوەی پلەی ئەو ھەزار ئەفسەرەی پێشمەرگە، سێ جۆر ھۆکاریش بۆرتکردنەوەکە ھەیە ،لەوانە نەگونجانی تەمەن لەگەڵ پلەکانیان، ھەروەھا ئەفسەرانی بێ میلاک، ھەروەھا ھەندێک ئەفسەر دەرچووی زانکۆن بەڵام بەشداری خولی سەربازیان نەکردووە.



جەختی کردەوە ئەوانەی پلەیان بەرزکراوەتەوە پلەی جۆراوجۆریان ھەیە، تاوەکو دەگاتە لیوا گوتی: ئەوانەی پلەیان بەرزکراوەتەوە دەبوو لە ساڵی ٢٠١٥ پلەکانیان بەرزبکرابوایەوە، بەڵام چونکە لە ساڵی ٢٠١٦ بەشێکیان نێردران و بەشی زۆریش مانەوە بۆیە لە مانگی رابردوودا مەڕسومەکەیان بۆ دەرکراوە.



بەرزکردنەوەی پلەی پێشمەرگە بە گوێرەی پلەکانیان لە نێوان ٣ساڵ بۆ ٤ ساڵ، تادەگاتە ٦ ساڵ جارێک.



لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠١٦ وە بە بڕیاری وەزارەتی دارایی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران راگیراوە، بەڵام دزەیی روونی کردەوە ئەو بڕیارە وەزارەتی پێشمەرگە ناگرێتەوە.



ئەو بەرپرسەی سەرۆکایەتی ھەرێم ئاشکراشیکرد ئەوەی مەرجە یاساییەکانی تێدا نەبێت ئەوان دەیگەڕێنەوە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و پلەی بۆ بەرزناکەنەوە، گوتیشی: لە وەزارەتی پێشمەرگە دیراسەی مەرجی پلە بەرزکردنەوە دەکرێـ و پاشان بۆ ئەنجومەنی وەزیران رەوانە دەکرێت لەوێش راوێژکارانی سەربازی پێداچوونەوەی پیادا دەکەن و بۆ ئێمەی دەنێرن لە لای ئێمەش پێداچوونەوە دەکرێت و پاشان وەڵام دەدرێتەوە.



ئەوەشی راگەیاند جیاوازی ناکرێت لە پلەبەرکردنەوەی پێشمەرگە و کاروبارەکان بە قانونی جێبەجێ دەکرێن.



بەپێی یاسای ژمارە(١)ـی ساڵی ٢٠٠٥ ھەموارکراوی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، سەرۆکی ھەرێم مەڕسومی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگەدەردەکا.

غازی دزەیی دەشڵێ: خشتەی پلەبەرزکردنەوەی ھەمو یەکە و فەرماندەیەکان ھەمووی بەیەک لیست دێت کاتی خۆی کێشەی زۆر لەو بابەتە ھەبوو بەڵام ئێستا چارەسەرکراوە و دواکەوتنەکەشی کۆتایی پێ ھاتووە.



بەرێوەبەرە گشتیەکەی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان جەختی کردەوە ھەرکەسێک گلەیی و سکاڵای ھەبێت لەسەر پلەبەرزکردنەوەی ئەوە وەڵامی سکاڵاکەی دەدەنەوە و بەدواداچوونی بۆ دەکەن، گوتیشی:لەو نوسراوانە بەرپرسین کە گەیشتونەتە سەرۆکایەتی ھەرێم ،بەڵام کێشە و کەمووکوڕی و رۆتینیش ھەیە بە تایبەت لە مەرجەکانی پلەبەرزکردنەوە بە تایبەت تەمەن و نەبوونی بڕوانامە.








باسنیوز
Top