تاقمی گۆڕان ناتوانێ شوینگرەوەی رێکخەری گشتی دابنێ و باڵە ناکۆکەکانی تاقمەكە داوای کۆنگرە دەکەن

 تاقمی گۆڕان ناتوانێ شوینگرەوەی رێکخەری گشتی دابنێ و  باڵە ناکۆکەکانی تاقمەكە داوای کۆنگرە دەکەن
بۆ چارەسەری کێشەکان و دیاریکردنی کەسێک بۆ شوێنی نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتیی کۆچکردوو، باڵە جیاوازەکانی تاقمی گۆڕان ناکۆکییان تێ دەکەوێ.



سەرچاوەیەکی ئاگەدار رای گەیاند، پرسی شوێنگرەوەی نەوشیروان مستەفا ناکۆکیی خستووەتە ناو باڵە جیاوازەکانی بزووتنەوەی گۆڕان و ژمارەیەک لە ھەڵسوڕاوی گۆڕان داوای کۆنگرەیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و شوێنگرەوەی نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتیی کۆچکردوو کردووە، ھاوڕێکانی نەوشیروان مستەفاش کۆنە یەکێتییەکان کە لە ھەیکەلی حزبیی گۆڕاندا، ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنن و دەستەی راوێژی بزووتنەوەکەشن، چاویان لەوەیە جێگرەوەی نەوشیروان مستەفا لە خۆیان بێت، بەڵام لەوە ناچێت ئەو جیاوازییانەی لەنێوان ئەوانیشدا ھەیە بیانگەیەنێت بە رێککەوتن لەسەر یەکێکیان بۆ جێگرەوەی نەوشیروان مستەفا، ھەریەکەیان خۆی لەوەی دیکە بە شیاوتر بۆ ئەو پۆستە بەتاڵەی گۆڕان دەزانێ، لەبەرئەوە ئێستا گفتوگۆ و کۆبوونەوەکانی ئەو بزووتنەوەیە، کە ھەفتەی رابردوو جڤاتی گشتی و شەممەی رابردووش جڤاتی نیشتمانی کۆ بووەتەوە، بەو ئاراستەیە بووە کە خانەی راپەڕاندن یان جڤاتی نیشتمانی لەم قۆناغەدا تا ئەنجامدانی کۆنگرە، شوێنی نەوشیروان مستەفا بگرێتەوە، چونکە لەو کۆبوونەوە و گفتوگۆیانە قبوڵ نەکراوە عومەری سەید عەلی ببێتە رێکخەری گشتی، کە مەکتەبی سیاسیی یەکێتیش پشتیوانیی لێ دەکات و لە کاتی نەخۆشکەوتنەکەشی لە بریتانیا نەوشیروان مستەفا بریکارنامەی بۆ پڕ کردووەتەوە.



بەپێی سەرچاوەکە، قبوڵنەکردنی ئەو سەرکردەیەی گۆڕان بە رێکخەری گشتیی بزووتنەوەکە، پەیوەندیی بە ململانێی ناوخۆی کۆنە یەکێتییەکان لەلایەک و رەتکردنەوەی لەلایەن باڵە ناکۆکەکانی بزووتنەوەکەوە ھەبووە، کە ھەریەک لە قادری حاجی عەلی و عوسمانی حاجی مەحمودیش خۆیان بە شیاو بۆ ئەو پۆستە زانیوە.



سەرچاوەکە ئاشکراشی کرد، بۆ ئەو پرسە چەند پێشنیازێک کراون، لەوانە ئەنجامدانی کۆنگرە و تا ئەنجامدانی کۆنگرەش کە ماوەکەی بۆ دیاریکراو بێت، جڤاتی نیشتمانی بڕیاری یەکلاکەرەوە بۆ پرسەکان بدات، بەڵام باڵی کۆنە یەکێتییەکانی ناو گۆڕان و ئەوانەی خۆیان بە دەستەی دامەزرێنەری ئەو بزووتنەوەیە دەزانن، کە لە واقیعی بزووتنەوەکەدا ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنن، لەگەڵ ئەوەدا نین گۆڕان لە ئەنجامدانی کۆنگرە پەلە بکات و بەو ھۆیەوە ئاڵۆزی و ئینشیقاق بکەوێتە ناو بزووتنەوەکەوە، ناشیانەوێ بڕیارەکانی گۆڕان بکەونە دەستی جڤاتی نیشتمانی، بەڵکوو دەیانەوێ لە چوارچێوەی خانەی راپەڕاندندا بێت و خۆیان بڕیاری یەکلاکەرەوە بدەن.



بەپێی ھەیکەلی حزبیی گۆڕان، ئێستا جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و ٢٨ باژێڕوان و ١٢ رێکخەری ژوورەکان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان و بەڕێوبەری KNN پێک دێت.



ھاوکات خانەی راپەڕاندن کە بەپێی پەیڕەوی گۆڕان بەرپرسی جێبەجێکردنی بڕیار و راسپاردەکانی جڤاتی نیشتمانیی بزوتنەوەی گۆڕانە، لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندن، لە رێکخەری گشتی، سکرتێرەکانی کاروباری جڤاتی نیشتمانی، فراکسیۆن، ژوورەکان، باژێڕەکان، خەڵک و سەرۆکی جڤاتی گشتی، پێک دێت. بەڵام ئێستا لەناو گۆڕاندا تەنیا ئەو کەسانە ئەندامی ئەو خانەیەن کە لەگەڵ نەوشیروان مستەفا لە یەکێتی جیا بوونەتەوە، کە ئەوانیش ھەریەک لە (قادری حاجی عەلی، عومەر سەید عەلی، عوسمان حاجی مەحمود، مستەفا سەید قادر، جەلال جەوھەر و محەمەد تۆفیق رەحیم) دەگرێتەوە.



ھەر بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی گۆڕان، ھەڵبژاردنی رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن دوو ساڵ جارێک دەبێت و رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن تەنیا بۆ سێ خولی ھەڵبژاردن بۆیان ھەیە، بۆ ھەمان پۆست، خۆیان کاندید بکەنەوە، بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان کە لە ساڵی ٢٠٠٩ دامەزراوە، تەنیا یەک کۆنگرەی ئەنجام داوە و تا ئێستاش ھەر ئەو کەسانە لە رووی دیفاکتۆوە ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕانن.



لەمبارەیەوە شۆڕش حاجی، وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان بە میدیای فەرمیی حزبەکەی راگەیاندووە، دوای کۆچی نەوشیروان مستەفا، زنجیرە کۆبوونەوەکان لەگەڵ دامەزراوە و مەکۆ و ئۆرگانە جیاوازەکانی بزووتنەوەکە دەستی پێ کردووەتەوە و بەردەوام دەبێت.



گوتیشی: “دوای تاوتوێکردنی سەرجەم راسپاردە ‌و پێشنیارەکان، لە جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان بڕیار لەسەر پلان و بەرنامەی کار بۆ قۆناغی دوای کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا دەدات”.



بێستون فایەق، پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان بۆ (باس) رای گەیاند، یەکێک لە پێشنیازەکان بۆ قۆناغی دوای کۆچی نەوشیروان مستەفا لە گۆڕاندا، ئەنجامدانی کۆنگرەیە، گوتیشی: “ئێمە کێشەمان نییە و وەکوو یەکێتی باڵمان تیا نییە، کە پێویست بەوە بکات پێش کۆنگرە رێککەوتنمان ھەبێت ئەوکات بڕیاری کۆنگرە بدەین، ئەگەر بمانەوێ کۆنگرە بکەین ئەوا بڕیارێکە و دەیدەین، راستە رای جیاوازمان ھەیە، بەڵام کێشەی باڵ و پارە و بەرژەوەندیمان نییە کە وەکو یەکێتی نەتوانین بڕیار بۆ کۆنگرە بدەین”.



ھاوکات، بەھار عەبدولڕەحمان، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی و پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان رای گەیاند، ئەوەی ھەیە دۆخێکی ناوخۆی حزبەکەمانە و خۆشمان توانای چارەسەرکردنیمان ھەیە.



ئاماژەی بەوەش دا، لێدوانە فەرمییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان کە لەلایەن شۆڕش حاجی دەدرێن، تەعبیر لە رای فەرمیی گۆڕان دەکەن و ئێمەش لەوە زیاترمان پێ نییە.



لای خۆشیانەوە، محەمەد عەلی، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی و بەرپرسی ژووری توێژینەوەی سیاسیی بزووتنەوەی گۆڕان بە میدیای نزیک لە حزبەکەی راگەیاندووە، ئەوان دەستوورێکیان ھەیە کە لە کۆنگرەی بزووتنەوەی گۆڕان پەسەند کراوە و ھەوڵ دەدەن پابەند بن بەو دەستوورەوە و جێبەجێی بکەن، دەستوورەکە ھەڵبژاردنی دەستەی خانەی راپەڕاندنە و ھەڵبژاردن یان دیاریکردنی رێکخەری گشتییە لەنێو جڤاتی نیشتمانیی گۆڕاندا.



ئەو بەرپرسەی گۆڕان ئاشکراشی کردووە کە چەند پێشنیازێک ھەیە و تا ئێستا ھیچیان یەکلا نەکراونەتەوە و سەرقاڵی گفتوگۆ و راوێژی نێوخۆی خۆیانن لەسەر ئەو پێشنیازانە، کە دیاریکردنی کەسێک و ھەڵبژاردنیەتی بۆ پۆستی رێکخەری گشتی لە شوێنی نەوشیروان مستەفا، یان ئەوەتا خانەی راپەڕاندن کە لە شەش بەرپرسی باڵای حزبەکە پێکدێن و ھەریەکەیان بەرپرسن لە بەشێکی کاروبارەکانی نێو گۆڕان، پێکەوە سەرۆکایەتیی حزبەکە بکەن و ئیش و کاروبارەکان راپەڕێنن.




جێی باسە، بزووتنەوەی گۆڕان لە ساڵی ٢٠٠٩ دامەزراوە و نەوشیروان مستەفا لەو کاتەوە رێکخەری گشتیی بزووتنەوەکە بووە تا رۆژی کۆچی دوایی لە ١٩ی مانگی ٥ی رابردوودا.





باسنیوز
Top