د.عەرەفات کەرەم ستونی : دوای جیابوونەوەی کوردستان، سوننەکانیش ھەر لە ئێستاوە بیریان لە بەھەرێمکردنی پارێزگاکانیان کردووەتەوە

د.عەرەفات کەرەم ستونی : دوای جیابوونەوەی کوردستان، سوننەکانیش ھەر لە ئێستاوە بیریان لە بەھەرێمکردنی پارێزگاکانیان کردووەتەوە
دوای جیابوونەوەی کوردستان لە عێراق، سوننەکان دەبنە ھەرێمێکی سەربەخۆ و لە ئێستاوە ئەمەریکا دەستی کردووە بە دروستکردنی کەناڵێکی گەورەی ھاتوچۆ لە ئەنبارەوە بۆ ئەردەن، پێشبینیش دەکرێت ئەمەریکا راستەوخۆ بگەڕێتەوە عێراق و لە چوارچێوەی حکوومەتێکی کاتیدا حاکمێکی مەدەنی دابنێت.



بەپێی ئەو زانیارییانەی لە ھەندێک لە ئاژانسە جیھانییەکانەوە بڵاو کراوەتەوە، ھەریەک لە ئەمەریکا و ئێران، خۆیان بۆ دوای جیابوونەوەی کوردستان لە عێراق ئامادە کردووە و پێشبینی دەکرێت ئەمەریکا جارێکی دیکە بەشێوەی راستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆ دۆسیەی سیاسی و دارایی عێراق بگرێتەوە دەست و حکوومەتێکی کاتی پێکبھێنێت، ھەر لە ئێستاشەوە کەناڵێکی ھاتوچۆی گەورەی بۆ سوننەکان لە ئەنبارەوە بەرەو ئەردەن کردووەتەوە، کە بەھۆیەوە ئێران نیگەرانیی زۆری خۆی داوەتە حکوومەتی ئێستای عێراق، کە پێشبینی دەکرێت ئەمەریکا گوێ لە سەرکردە سوننەکانی دەرەوەی عێراق گرتبێت و ھەرێمێکی سەربەخۆیان بۆ دابمەزرێنێت، کە دەبێت بە دینگەیەکی بەھێز لەبەرامبەر بە ھیلالی شیعە و ھەژموونی ئێران لە ناوچەکەدا، لەلایەکی دیکەشەوە پێش دەگرێت لە ئەگەری دووبارە سەرھەڵدانەوەی داعش و گرووپی ھاوشێوە لە ناوچە سوننییەکانی عێراق.



لەمبارەوە تیمی ئەمەریکی راسپێردراو بە لێکۆڵینەوە لە داھاتووی عێراق، کە بە سەرپەرشتیی رایان کرۆکەر، باڵوێزی پێشووی ئەمەریکا لە عێراق، راپۆرتێکیان لەسەر داھاتووی عێراق و ئاسۆی پەیوەندییەکانی بەغدا و ھەولێر ئامادە کردووە، زانیاریی راپۆرتەکە دزەی کردووەتە ناو میدیاکان و تیایدا باس لە پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغدا لە داھاتووی عێراقدا کراوە.


بەشێکی دوور و درێژی راپۆرتەکە کە بۆ پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق تەرخان کراوە، لەم بەشەی راپۆرتەکەدا ھاتووە: “بەردەوامبوونی ئەو پەیوەندییە ئاڵۆزەی نێوان ھەولێر و بەغدا، لە بەرژەوەندیی عێراق و ھەرێمی کوردستان و ئەمەریکاشدا نییە”.



راپۆرتەکە باسی ڕیفراندۆمی لە ھەرێمی کوردستان کردووە و سەبارەت بەم پرسە ئاماژەی بەوە داوە، کە گومان لەوە دانییە زۆرینەی کوردی عێراق داوای دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ دەکەن.



رای تیمە ئەەمریکییەکە لە راپۆرتەکەدا وایە کە: “پرۆسەکە بە شێوازێک بێت، کوردستانی سەربەخۆ پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ بەغدا ھەبێ، بەتایبەتیش لە بواری ئابووری و ئەمنی”.



بەشێوەیەک دەبێت دوو پڕۆسەی ھاوکات ھەبن، کە پرۆسەیەکیان درێژخایەن دەبێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی پەیوەندییان بە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆوە ھەیە، لەوانەش کێشەی سنوور، نەوت، چارەنووسی کەرکووک.



دووەمیان پرۆسەیەکی کورتخایەن لە ئاستی بەڕێوەبردنی کێشە ھەنووکەییەکان، وەکوو دابەشکردنی داھاتی نەوت، ھاوکاریی ئەمنی لەدوای داعش، راگرتنی ئارامیی لە ناوچە سنوورییەکان.


لە یەکێک لەو خاڵانەشی کە تیمەکە لە راپۆرتی ئەنجومەنی ئەتلەنتیک باسی کردووە، فراوانخوازیی ئێرانە لە عێراق کە ئاماژە بۆ ئەوە کردووە، کە فراوانبوونەوەی دەسەڵاتی ئێران لە عێراق وای کردووە باڵانسی دەسەڵات بەلای ئێراندا بشکێتەوە و ئێران بە گوڕوتینێکی زیاترەوە پشتگیری لە گرووپە چەکدارە توندوتیژەکانی سەر بە خۆی لە ناوچەکەدا بکات، بەشێوەیەک ئێران وەکوو ھێڵی یەکەمی بەرگریکردن لە خۆی سەیری عێراق دەکات، بۆیە سەرمایەیەکی زۆری خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی گەرەنتیی پاراستنی دەسەڵاتی خۆی لەو وڵاتەدا بکات”.



عەبدولباری فارس پەرلەمانتاری یەکێتی لە عێراق بۆ (باس) ئاماژەی بەوە دا، دوای جیابوونەوەی کوردستان لە عێراق سوننەکانیش خاوەنی پڕۆژەی خۆیانن بۆ دروستکردنی ھەرێمێکی سەربەخۆی، گوتیشی: “پێش شەڕی داعش سوننەکان پڕۆژەیان ھەبووە ھاوشێوەی ھەرێمی کوردستان ئەوانیش ھەرێمێکیان ھەبێت، بەڵام بەھۆی شەڕی داعشەوە نەیانتوانی پڕۆژەکەیان بگات بە ئەنجام، بەڵام لە دۆخێکدا ھەرێمی کوردستان لە عێراق جیا بێتەوە، ئەوانیش پڕۆژەکەیان بۆ ھەرێمی سەربەخۆی سوننەکان ماوە”.



سیاسەتوان د. مەحمود عوسمان بۆ (باس) رای گەیاند، پلانەکانی ئەمەریکا لە عێراقدا روون نییە، گوتیشی: “ئەوەی تێبینی دەکرێت لە ئەگەری جیابوونەوەی کوردستان لە عێراق، ئەوە ئێران بە تەئکید پلانی بۆ داناوە، ھەوڵی دروستبوونی حوکمێکی شیعە دەدات کە سەیتەرەی تەواوی ھەبێت بەسەر ھەموو عێراقدا، بەڵام ئەوە دیار نییە کە سوننەکان لەگەڵ عێراقدا دەمێنن یان نامێنن”.



ئەو چاودێرە ئاماژەشی بۆ ئەوەش کرد، ئیدارەی ترامپ زۆر جیاوازە لە ئیدارەی ئۆباما و درک بەو جیاوازییە کراوە، گوتی: “ئەمەریکا و ئێران ھەوڵی خۆیان دەدەن بۆ دەست گرتن بەسەر عێراقدا، بەڵام لەوە دەچێت لە ئێستا ئەمەریکا کاری گەورەتری ھەبێت، ھەروەکوو بینمیان کە رێککەوتنی گەورەی لەگەڵ سعوودیە و وڵاتانی کەنداو کردووە، ئاماژەکان ھێشتا دیار نین، دوای داعش و ریفراندۆمی کوردستان روونتر دەبنەوە”.



لای خۆشیانەوە، فەرھاد قادر، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی ھەواڵی سلێمانیی نزیک لە حزبەکەی راگەیاندووە، گەڕانەوەی ئەمەریکا بۆ عێراق و گرتنەدەستی دۆسیەی سیاسی و ئابووری بە شێوەیەکی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، ئەگەرێکی کراوەیە، چونکە سەرۆکی ئێستای ئەمەریکا لە ‌سیاسەتی پێشووی وڵاتەکەی لە عێراق رازی نییە و دەیەوێت پێداچووەنەوە بەو سیاسەتەدا بکات.


گوتووشیەتی: “دۆخی ئێستای عێراق وا دەخوازێت کە پێشبینییەکی لەو شێوەیە ببێت بە ڕاستی، چونکە دۆخەکە لەدوای داعشەوە ھەستیار دەبێت، ھیچ گرەنتییەکیش نییە بۆ بەریەککەوتنی نێوان پێکھاتەکان”.

بە وتەی ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران، ئاماژەکان بەرەو ئەوە دەڕۆن کە ئەمەریکا لە ڕێگەی حاکمێکی مەدەنی، یان کەسایەتییەکی عێراقییەوە، بەرپرسیارێتیی وڵات ل ‌دۆخی گواستنەوە بگرێتە ئەستۆ.


بەڵام عەرەفات کەرەم، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رای گەیاند، دوای جیابوونەوەی کوردستان، سوننەکانیش ھەر لە ئێستاوە بیریان لە بەھەرێمکردنی پارێزگاکانیان کردووەتەوە، گوتی: “زۆربەی سوننەکان چاویان لە ھەرێمی سەربەخۆیە و ئەوانەی قیادەی سوننە دەکەن زۆربەیان لەدەرەوە دەژین، ئەوانەی ئێستا لە حکوومەتی عێراقدان زۆربەی بازرگانەکانن نەک کەسانی سیاسی، سەرکردەکانی سوننە لەبەر ھەژموونی شیعە عێراقیان جێ ھێشتووە و پێشبینیی گەڕانەوە و دروستکردنی ھەرێمی سەربەخۆی سوننە دەکرێت”.



ئەو پەرلەمانتارە کوردە ئاماژەی بەوەش دا، ئەمەریکا لە ئێستا زۆر بە قورسایی و ھێزەوە گەڕاوەتەوە عێراق و لەدوای ترەمپەوە بەتەواوی ھەست بە ھەژموونی بەھێزی ئەمەریکا لە عێراق دەکرێت، گوتیشی: “ئیستا رێککەوتنی لەگەڵ حکوومەتی عێراق کردووە بۆ کردنەوەی رێگەی ئەنبار بۆ ئەردەن، ئەوەش بووەتە ھۆی نیگەرانیی زۆری ئێران لە حکوومەتی عێراق و عەبادی، چونکە ئەو رێککەوتنە و کردنەوەی ئەو رێگە فراوانەی ھاتوچۆ رەھەندی گەورەی سیاسیی لەدواوەیە، کە ھەناسەیەک دەبێت بۆ ھەرێمێکی سوننەکان و سەربەخۆیی ئابوورییان”.




باسنیوز
Top