کێشە ناوخۆییەکانی ھەرێمی کوردستان چارەسەر دەکرێن
بەپێی زانیارییەكان، ھەوڵەکان بەو ئاراستەیە دەبن ھەموو پارتە سیاسییەکانی کوردستان بە گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامییشەوە، ئەندامیان لە کۆمیتەی ریفراندۆمدا ھەبێت، تا ھەموو لایەنەکان بە کۆدەنگیی نیشتمانیی بەشداری لە ھەڵمەتی سەرخستنی پڕۆسەکەدا بکەن.
سەرچاوەکە ئەوەشی راگەیاند، لە دوا کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی پارتی بە ئامادەبوونی بارزانی، جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە، کە پڕۆسەی ریفراندۆم موڵکی ھەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و خەڵکی کوردستانە و دەبێت وەکوو دەستکەوتی خوێنی شەھیدان و قوربانیدانی خەڵکی کوردستان و خەباتی پێشمەرگەکانی ھەموو لایەنە سیاسییەکان بۆ سەربەخۆیی کوردستان سەیر بکرێت، بۆ ھیچ لایەنک نییە پڕۆسەکە وەکو موڵکی خۆی سەیر بکات، بەڵکوو پارتییش وەکو حزبەکانی دیکە دەتوانێ شانازی بە ئەنجامدان و سەرخستنی پڕۆسەکەوە بکات.
لەم بارەیەوە، ئەحمەد کانی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان رای گەیاند، پارتی بۆ دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ ھیچ لایەنێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان ھێڵی سووری نییە و بە گرنگیشی دەزانێ ھەمووان بەشداری لە پڕۆسەی ریفراندۆمدا بکەن، چونکە پڕۆسەکە ھی ھەموو خەڵکی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانە نەک تەنیا پارتی و چەند لایەنێکی دیکە، گوتیشی: “پرسی ریفراندۆم میکانیزمە بۆ پرسێکی ستراتیژی کە سەربەخۆیی کوردستانە. لەبەرئەوە گرنگە ھەموو لایەنەکانی کوردستان بۆ پرسەکە بێنە پێشەوە و پەلە بکەن لە دیاریکردنی نوێنەریان بۆ کۆمیتەی ریفراندۆم بە گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامییشەوە”.
لای خۆشیانەوە، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رای گەیاند، پرسی ریفراندۆم یەکێکە لەو پرسانەی کە پەیوەندیی بە ھەموو خەڵکی کوردستانەوە ھەیە و بۆ سەرخستنی ھەنگاوی جدیی بۆ دەھاوین و لێی سارد نابینەوە، گوتیشی: ”کارێکی باشە ئەگەر میکانزمێکی گونجاو بۆ چارەسەری کێشەکان بدۆزینەوە و ناوماڵی خۆمان یەک بخەین، بۆ ئەوەش دەبێت پارتی و یەکێتی و ھەموو لایەنەکان زیاتر ھەست بە بەرپرسیاریەتی بکەن و بۆ چارەسەری کێشەکان بێنە پێشەوە“.
ھاوکات، ھەندرێن محەمەد، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسیی کوردستان ئاشکرای کرد، بە مەبەستی ھاوئاھەنگیی نێوانیان بۆ کارکردن و ئامادەکاریی بۆ ھەڵبژاردنەکان، دوێنێ دووشەمە، کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەنێوان کۆمسیۆن و سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان و ئەنجومەنی وەزیراندا بەڕێوە چووە.
بەپێی زانیارییەکان، لەو کۆبوونەوەکەدا کە ھەریەک لە فوئاد حوسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان و دڵشاد شەھاب بە نوێنەرایەتیی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران بەشدار بوون، دەستەی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن کە لە نوێنەرانی ھەموو پارتە سیاسییە سەرەکییەکانی کوردستان پێک ھاتووە، نوێنەری گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامییش بەشدارییان لەو کۆبوونەوەیەدا کردووە.
زانا رۆستایی، سەرکردە لە کۆمەڵی ئیسلامی و پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی لە بەغدا، رای گەیاند، کۆمەڵی ئیسلامی لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستاندایە و لەو پێناوەشدا ئامادەی ھەموو قوربانیدانێکە، گوتی: “کێشەی ئێمە تەنیا ئەوەیە بڕیاری ریفراندۆم لە رێگەی دامەزراوە شەرعییەکانی کوردستانەوە بێت، کە لە ئێستا پێمان وایە پەرلەمانی کوردستانە کە پێویستە کارا بکرێتەوە و بڕیار لەم بارەوە بدات”.
لای خۆشیانەوە نیعمەت عەبدوڵا، سەرۆکی یەکێتیی پەرلەمانتارانی کوردستان رای گەیاند، پێویستە ھەموو لایەک بە یەکەوە ھەوڵ بۆ سەرخستنی پرۆسەکە بدەن و وا لە خەڵکی بکەین بە حەماسەوە بچن بەشداری لەو ڕیفراندۆمەدا بکەن، چونکە ئەمە پرسێکی نیشتمانی و نەتەوەییە و موڵکی ھەموو خەڵکی کوردستانە، نەک ھی لایەنێک و کەسانێک.
گوتی: “ئەرکی ھەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستانە پشتیوانی لە ریفراندۆمی کوردستان و سەرخستنی پڕۆسەکە بکەن”.
باسنیوز
