ناسنامهى عێراقی له كچه ههڵهبجهییهكه وهردهگیرێتهوه
بڕیاره سبەینێ (سێشهممه 13/ 6/ 2017) کەیسی "مریەم" لە دادگای سلێمانی یەکلا بکرێتەوە و سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای پارێزەرانی کوردستانیش، ڕای دهگهیهنێـت، پشکنین بۆ منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە، سهركهوتوو نهبووه.
ئەیاد کاکەیی، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای پارێزەرانی کوردستان ڕای گهیاند : " دوای ئەوەی لە 18/ 8/ 2015 ڕاگەیەنرا پشکنینی (دی ئێن ئەی)، بۆ (مەریەم) کراوە و بهپێی پشكنینهكه دهركهوت (هاونازە)، کەچی دوای ماوەیەک لەسەر گۆڕی (هاوناز)، راپۆرتێکی ڕۆژنامەنووسی بڵاوکرایەوە دەرکەوتووە کە (هاوناز) لە ساڵی ١٩٨٨ کۆچی دوایی کردووە".
ڕوونیكردهوه، مامی هاوناز باسی لەوە کردووە، کە برازاكهى بەدەستی خۆی ناشتووە :" چۆن ئێستا زیندوو بوەتەوە؟".
ئهو پارێزهره، گوتیشی: " دوای دووساڵ لە وەرگرتنی ناسنامەی عێراقى، سبەینێ ناسنامهكه لە (هاوناز) کە دەکاتە (مریەم) وەردەگرێتەوە".
سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای پارێزەرانی کوردستان، گوتیشی :" بەڕاستی ئەو پشکنینانە وایکرد کە خەڵکی هەڵەبجە متمانەیان بە تاقیگەکان نەمێنێت، بۆیە سبەی لە بەردەم دادگای سلێمانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی ئەنجام دەدەین و سەرجەم ڕاستییەکان دەخەینەڕوو".
جهختیشی كردهوه، كه مریەم هەڵەبجەییە، بەڵام تائێستا خانەوادەکەی نەدۆزراوەتەوە، گوتیشی :" داوا دەکەین لێژنەی دۆزینەوەی منداڵە ونبووەکان بە بەرپرسیاریەتییهوه كار بكات، چونکە مریەم لە ساڵی ١٩٨٨ ون بووە و دراوەتە خێزانێكى ئێرانی بەخێویان کردووە، تائێستاش ٧٤ منداڵی ونبووی هەڵەبجەمان هەیە خانەوادەکانیان نادیارن".
ئەوەشی خستەروو، پێشووتر بەهەڵەپشکنین بۆ کچێک کراوە بەناوی (موعەزەم) گوایە كچى خانەوادەیەکی هەڵەبجەییە، بەڵام دواتر دەرکەوت، كچى ئهوان نییە، چونکە ئەو کچە چاوی شینە و بنهماڵهكهى هیچ كهسێكی چاو شینیان نەبووە.
bas news-
