هاووڵاتییانی مەسیحی بە بەڵێ پێشوازی لە ڕیفراندۆم دەکەن

 	 هاووڵاتییانی مەسیحی بە بەڵێ پێشوازی لە ڕیفراندۆم دەکەن
مەسیحییەكان پشتگیریی خۆیان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان دووپات دەكەنەوە، چونكە وای دەبینن بە سەربەخۆیی چاری هەموو كێشەكان دەكرێت و ناوچەكانی ئەوانیش لە دەشتی نەینەوا دەگەڕێنەوە سەر هەرێمی كوردستان و داهاتوویان مسۆگەر دەبێت.

(وەحیدە یاقۆ هرمز)، نوێنەری پێكهاتەی گردبوونەوەی كلدانی سریانی ئاشووری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ''كوردستان بە قۆناغێكی ناسكدا تێدەپەڕێت، هەلێكی زێڕین بۆ گەلی كورد هاتووەتە پێشەوە، بۆیە نابێ ئەو هەلە زێڕینە لە دەست بدەین، چونكە ئەوە لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان و پێكهاتەكاندا نییە، چۆن ئێمە لە كۆبوونەوەكەی سەرۆكی هەرێم و لایەنەكاندا هەموومان یەكدەنگ بووین لەسەر ئەوەی کە دەبێ 25/9 ڕیفراندۆم بکرێت، دەبێ تا ئەو ڕۆژەش هەر یەكدەنگ بین بۆ ئەوەی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستاندا ئەنجام بدرێت.''

(وەحیدە یاقۆ هرمز)، گوتیشی: ''ڕیفراندۆم زۆر دوا كەوتووە، دەبوایە پێش ساڵێك ئەو بڕیارەمان دابایە، ئێستاش كە بڕیارەكە دراوە، كاتەكە لەبارە، بۆیە دەبێ دەست لە ناو دەستی یەكدی بنێین، بۆ ئەوەی لەو ماوەیەدا كە دیاری كراوە هەموومان بچینە سەر سندووقەكان و بە ''بەڵێ'' دەنگی خۆمان بۆ سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردستان بدەین، چونكە سەربەخۆیی چاری هەموو كێشەكان دەكات، بۆیە ئێمە بە هەموو شێوەیەك پشتگیری لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان دەكەین و پشتگیریی خۆشمان بۆ ئەو هەنگاوە دەربڕیوە.''

(سەرگیز شم)، هاووڵاتییەكی مەسیحییە لە دیانا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: ''ئێمە وەك خەڵكی مەسیحی لەگەڵ ڕیفراندۆم و سەربەخۆییی كوردستانداین، چونكە بە سەربەخۆییی كوردستان زیاتر مافی ئێمە پارێزراو دەبێت و ئەو كاتە سەربەخۆیی دەبێتە باشترین ڕێگری لەو كەسانەی كە دەیانەوێت دووبەرەكی بخەنە نێوان ئایین و نەتەوەكانەوە، بۆیە ئێمە بە دڵ و گیان لەگەڵ ڕیفراندۆم و سەربەخۆییی كوردستانداین.''

(هۆرمز هارون)، مەسیحییەكی دەشتی نەینەوایە و ئاوارەی سنووری سۆران بووە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕوون كردەوە: ''پاش دیاریكردنی ڕۆژی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی ئێمە، وەك خەڵكی دەشتی نەینەوا زۆر خۆشحاڵین، چونكە بە گەڕانەوەمان بۆ سەر هەرێمی كوردستان داهاتوومان مسۆگەر دەبێت، هەر لەبەر ئەوەش ئێستا كاروباری خۆمان دەكەین بۆ ئەوەی لە زووترین تەرفەتدا بگەڕێینەوە سەر ماڵوحاڵی خۆمان و لەوێ دەنگی خۆمان بۆ سەربەخۆییی و گەڕانەوەی ناوچەكانمان بۆ سەر هەرێمی كوردستان بدەین، داواش لە هەموو خەڵكی دەشتی نەینەوا دەكەم دەنگی خۆیان بە ''بەڵێ'' بدەن، بۆ ئەوەی داهاتوویەكی گەشمان هەبێت.''
kdp-
Top