بریکاری وەزیری ناوخۆ: ھەرێم دەیەوێت کێشەی پێدانی ڕەگەزنامە لەگەڵ بەغدا چارە بکات

بریکاری وەزیری ناوخۆ: ھەرێم دەیەوێت کێشەی پێدانی ڕەگەزنامە لەگەڵ بەغدا چارە بکات
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ھەوڵدایە بۆ چارەکردنی کێشەی پێدانی ڕەگەزنامەی عێراقی بەو ھاووڵاتییانەی کێشەی ڕەگەزنامەیان ھەیە و، بڕیکاری وەزارەتی ناوخۆش دەڵێت، شاندێکیان لەو بارەیەوە لەگەل بەغدا دانوستان دەکات.

(جەلال شێخ کەریم)، بریکاری وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ھەرێمی کوردستان شاندێکی ھەیە بۆ دانوستان لەگەڵ بەغدا و لە ڕێی ئەو لیژنەوە وەزارەتی ناوخۆ دەیەوێت کێشەی پێدانی ڕەگەزنامەی عێراقی بە ھاووڵاتییان چارە بکات، چونکە بە پێی یاسا پێدانی ڕەگەزنامە و چارەکردنی ھەمووی ئەو کێشانەی پەیوەندییان بە ڕەگەزنامەی عێراقییەوە ھەیە، تەنیا لە دەسەڵاتی بەغدادایە و ھەرێم لەو مافە بێبەش کراوە.''

(جەلال شێخ کەریم) دەشڵێت: ''زۆر کێشەی ھاووڵاتییان ھەن و چەندین ھاووڵاتیش مافی وەرگرتنی ڕەگەزنامەی عێراقییان ھەیە، بەڵام چونکە دەسەڵاتەکە لای بەغدایە، ھەرێمی کوردستان ھیچ دەسەڵاتێکی بەسەریدا نییە و ناتوانێت ڕەگەزنامە بە ھاووڵاتییان بدات، شاندەکە دوو جار چووەتە بەغدا و دانوستانیان کردووە و ھەوڵەکانیش بەردەوام دەبن.''
kdp-
Top