کوردانی جوو پاڵپشتی لە ڕیفراندۆم دەکەن

 	 کوردانی جوو پاڵپشتی لە ڕیفراندۆم دەکەن
کوردانی جوو لە هەرێمی کوردستان و لە دەرەوە پاڵپشتی لە ڕیفراندۆم و سەربەخۆییی کوردستان دەکەن و ڕایدەگەیەنن، پێویستە بە هەموو شێوەیەک بە ''بەڵێ'' دەنگ بدەن.

لە ڕاگەیاندنراوێکدا کوردانی جوو لە هەرێمی کوردستان و دەرەوە، کە وێنەیەکیان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ناردووە، دەڵێن، لە دوای ١٠٠ ساڵ ژێر دەستی، هەلێک هاتووە بۆ ئەوەی کورد دەوڵەتی خۆی هەبێت، لە بەر ئەوە پێویستە هەموومان بە ''بەڵێ'' دەنگ بە سەربەخۆییی کوردستان بدەین.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیاندنەکەدا هاتووە، لە دوای ئەو هەموو ساڵە درێژەی لە ژێردەستی و زوڵم و ستەمی ڕژێم و حکومەتەکاندا هەرێمی کوردستان دابەش بووە و بووەتە هۆی دەیان هەزار قوربانی، جگە لە بەکارهێنانی سیاسەتی پاکتاوی ڕەگەزی، کە بە درێژایی سەدان ساڵ دژی گەلانی کوردستان و پێکهاتەکان کردوویانە، ئەمڕۆ گەلانی کوردستان چی دیکە حوکمی دیکتاتۆریی بیانی قبووڵ ناکەن، لە بەر ئەوەش مافێکی ڕەوا و دروستی هەموو گەلی کوردستانە، کە بە یەکەوە دەنگ بە سەربەخۆیی بدەن.

کوردانی جوو ئاماژە بەوەش دەکەن، کە جووەکانی کوردستان و عێراق، بەتایبەتی ئایینی یەکەم بوون، کە تووشی جینۆساید و تاڵانکران و ڕەشەکوژی و زیندەبەچاڵکران و دەرکرانیان بەزۆری لە خاک و جێی باب و باپیرانیان و دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و مڵکیان و تەنانەت لێسەندنەوەی مافی هاونشتیمانیبوونیشیان، کە ئەم پرۆسە نامرۆییانەیە لە کوردانی جووەوە دەستی پێ کردووە و لە جینۆسایدی ئێزدییاندا کۆتایی هاتووە.

لە ڕاگەیاندنەکەدا ئەوەیش هاتووە: ''ئێمە، وەک کوردانی جووی کوردستان و ئیسرائیل و لە دەرەوە پشتیوانی لە ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی دەکەین و کوردستان خاکی پێغەمەبەرەکانمان (ناحوم و دانیال)ـە، چونکە ئایینمان دەڵێت، ئەگەر ئاسمان مڵکت نەبێت، ئایین و ئیرادە و زمانەکەشت مڵکت نابێت، لەبەر ئەوەش پێویستە لە مڵکداریی خاک و ئاو و داهات و ئاسمانی خۆمان لە ژێر چوارچێوەی کوردستانێکی سەربەخۆدا یەکدەنگ و یەکهەڵویست بین.''

لە کۆتایی ڕاگەیاندنەکەدا کوردانی جوو دەشڵین: ''ئێمە، بە ناوی هەموو کوردانی جوو لە کوردستان و لە دەرەوە داخواز لە گەلانی ئازاد و ئایینە ڕەسەنەکانی میزۆپۆتامیا و کەسایەتییەکانی خاوەن پێگە و هەموو لایەنە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان دەکەین، کە هەموویان پێکەوە بە "بەڵێ" دەنگ بۆ سەربەخۆیی و بۆ ڕاگرتنی ماڵوێرانی و کۆمەڵکوژی و پاکتاوی ڕەگەزی و داگیرکەری و شێواندنی شارستانەتی و مێژوو و هەبوونمان بدەین، بۆ ئەوەی نەوەکانی داهاتوومان بتوانن لە وڵاتێکی ئاشتی و ئارامیدا زیاتر خزمەت بە مرۆڤ و مرۆڤایەتی بکەن.''
kdp-
Top