"مامۆستایان پێشوازی لە ڕیفراندۆم دەکەن و دەڵێن بەڵێ"
سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، (ئەحمەد گەرمیانی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''دیاریکردنی ٢٥/٩/٢٠١٧ بۆ ڕۆژی ڕیفراندۆم بە ھەنگاوێکی باش دەزانین، بۆ ئەوەی بەرەو سەربەخۆیی بچین و یەکێک لە دروشمەکانی مامۆستایان ئەرکی نیشتمانییە لەگەڵ جێبەجێکردنی ئەرکی پەروەردەیی و تا کوردستان سەربەخۆ نەبێت، ئێمە ئارام نابین و پشتگیری لە ڕیفراندۆم دەکەین و بە ''بەڵێ''ش دەنگ دەدەین.''
(ئەحمەد گەرمیانی) گوتیشی: ''یەکێتیی مامۆستایان ھەمە لایەنە و پێمان خۆشە پەرلەمانیش کارا بکرێتەوە و لایەنەکان یەکڕیز بن و بە یەکڕیزی و یەکھەڵوێستی کار بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بکەن، چونکە بە یەکڕیزی دەستکەوتی زیاترمان دەبێت.''
لای خۆیشییەوە، مامۆستا (ڕەمەزان عەبدولڕەحمان) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''بە دیاریکردنی ڕۆژی ڕیفراندۆم، خەونی سەدان ساڵەی کورد ھاتەدی، بۆیە داواکارین لە ھەموو چین و توێژەکان لە ڕیفراندۆمدا بەشداری بکەن و بە ''بەڵێ'' دەنگی بۆ بدەن و ئێمەش، وەکو مامۆستایان بە ھەموو شێوەیەک پشتگیری لە ڕیفراندۆم دەکەین.''
ھەر لەمبارەیەوە مامۆستا (پێشرەو عەباس) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئێمە، وەکو چینی مامۆستا بە ھەموو شێوەیەک پشتگیری لە ڕیفراندۆم دەکەین و زۆریش دڵخۆشین بەوەی ڕیفراندۆم ئەنجام دەدرێت و بەشداری لە ڕیفراندۆمدا دەکەین و بە ''بەڵێ'' دەنگی خۆمان دەدەین و داواکارین ھەموو لایەنەکانیش بە یەکەوە پشتگیری لەو پرۆسەیە بکەن.''
kdp-
